مەسعود بارزانی: ترسم هەبوو شەڕی ڕۆژئاوا ببێتە شەڕی کورد و عەرەب

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود بارزانی لە هەولێر بەشداری لە کۆنگرەی تەندروستیی میزۆپۆتامیا کرد و چەند پەیامێکی گرنگی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی پێشکەش کرد. 

مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵی زۆریان داوە ڕێگری لە کارەساتێکی گەورە بگرن و نەیەڵن ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە "شەڕی کورد و عەرەب". 

جەختیشی کردەوە، ئەوەی لە توانایاندا بووە بۆ هاوکاری خوشک و برایانیان لە ڕۆژئاوا درێغییان نەکردووە. ڕایگەیاند'' ئەگەر ئیرادە و بڕوامان بە دۆزی خۆمان هەبێت، دۆستمان دەبێت". 

هەروەها داوای کرد ئەو یەکێتییە نەتەوەییەی بۆ پشتگیری ڕۆژئاوا دروستبوو، ببێتە بنەما بۆ داهاتوو.

مەسعود بارزانی، پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپاتکردەوە. سەبارەت بە ناوخۆش، ئاماژەی بە هەوڵەکان دا بۆ چارەسەری گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و هاوکاریکردنی بەغدا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.

 جەختی کردەوە کە کورد هیچ کات دەسپێشخەری شەڕ نەبووە و نایەوێت بیر لە شەڕ بکاتەوە، بەڵام زوڵمیش قبوڵ ناکات، داواشی لە وڵاتانی ناوچەکە کرد کێشەکانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن.




AM:11:06:05/02/2026