هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ: نزیکەی ٢٠٠ چەکداری دیمەشق هاتونەتە ناو حەسەکە و قامیشلۆ

جێگری بەڕێوەبەری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە، نوێترین پێشهاتەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریای ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند'' پڕۆسەکە بەپێی ئەو پلانەی بۆی دانراوە بە ڕێکوپێکی دەچێتە پێشەوە.''

لەبارەی بڵاوەی هێزەکانی دیمەشق، سیامەند عەفرین، ئاماژەی بەوە کرد، وەک بەشێک لە قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە، تا ئێستا ٩٠ چەکداری هێزەکانی ناوخۆی حکومەتی سوریا لە قامیشلۆ و ١٠٠ چەکداری دیکەیان لە شاری حەسەکە جێگیر کراون بە مەبەستی هەماهەنگی ئەمنی.

وتیشی'' ئێستا ڕێککەوتنەکە چووەتە قۆناغی سێیەمەوە کە چەند هەنگاوێکی هەستیار لەخۆ دەگرێت، لەوانە پرسی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لە نێوان هەردوولا، کشانەوەی هێزە سەربازییەکان و کارکردنی جددی بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیە سەختەی خراوەتە سەر شاری کۆبانێ.''

سەبارەت بە دۆخی کۆبانێ، هۆشداری دا کە شارەکە ماوەی ١٦ ڕۆژە لە گەمارۆدایە و بەدەست کەمیی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی دەناڵێنێت، لە کاتێکدا تورکیا ڕێگری لە گەیاندنی هەر جۆرە هاوکارییەک دەکات بۆ ناو شارەکە.




AM:11:29:05/02/2026