کۆما جڤاکێن کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا هۆشداریی دەدات لەبارەی دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و ڕایدەگەیەنێت'' ئەوەی لە ناوچەکە دەگوزەرێت بەشێکە لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی.''
کەجەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە ٥ی کانوونی دووەمدا، لە پاریس لە نێوان ئەمریکا، فەرەنسا، تەحریر شام و تورکیا ڕێککەوتنێک کراوە، کە دەرئەنجامەکەی هێرشکردن بووە بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
سەبارەت بە هەوڵە سیاسییەکان، کەجەکە ئاشکرای دەکات، ڕۆژی ٤ی کانوونی دووەم کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و وەفدی دیمەشق بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی وەزیری دەرەوەی سوریاوە کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام کۆتایی هات.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئامانجی ئەم هێرشانە تەنها کورد نییە، بەڵکو لێدانە لەو سیستەمە دیموکراتیکەی کە کورد لەگەڵ پێکهاتەکانی عەرەب، سریان، چەرکەز و تورکمان بونیادیان ناوە و هێزە هەرێمییەکان ئەم مۆدێلە بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان دەبینن.
کەجەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم پیلانگێڕییە، دروستکردنی شەڕ و ململانێ بووە لە نێوان کورد و عەرەب. بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ ڕێگریکردن لەم "فیتنەیە"، بڕیاری پاشەکشەیان لە ناوچەکانی دێرەزۆر، ڕەققە و تەبقە دا. بەم هەنگاوە، ئەو هێزانەی دەیانویست شەڕی نێوان پێکهاتەکان هەڵگیرسێنن، ئامانجەکەیان نەپێکا و پیلانەکەیان پوچەڵکرایەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، کەجەکە دەڵێت'' هەرچەندە ئێستا جۆرێک لە ئاگربەست و ڕێککەوتن هەیە، بەڵام هێشتا دیار نییە کە ئایا ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت یان نا.''
بۆیە داوا لە گەلی کورد و ئازادیخوازان دەکات کە خاوەندارێتیکردن لە ڕۆژئاوا بەردەوام بێت و تا ئەو کاتەی مافەکانی گەلی ڕۆژئاوا بە تەواوی مسۆگەر دەبێت، نابێت دەست لە پشتگیریکردنیان هەڵبگیرێت، چونکە ئەم هێرشە تەنها بۆ سەر ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو هێرشە بۆ سەر دەستکەوتی هەموو گەلان