وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشقەوە قسەی کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەمڕۆ لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆدەبێتەوە و ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی کاتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێتە هۆی بەهێزکردنی مافەکانی کورد و شەڕی دژی "داعش".
ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتی سوریا لە کۆشکی تیشرین لە دیمەشق ڕایگەیاند"، ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی کاتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی مافە بنەڕەتییەکانی کورد".
بارۆت بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات تاوتوێی ڕێککەوتنەکە دەکات" و ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکاری نێوان حکومەت و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی" بەهێزتر دەکات و ئەولەویەتی سەرەکییە بۆ فەرەنسا.
وەزیری فەرەنسا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هەموو پشتیوانییەکی پێویست پێشکەش بە سوریاییەکان دەکات بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارکردنی حکومەت، جەختیشی کردەوە کە فەرەنسا لەگەڵ گەلی سوریا وەستاوە، کە ئەمڕۆ دەرفەتی بنیاتنانی داهاتوویەکی نوێیان هەیە.
بەپێی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی کاتی سوریا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و پەنابەرانی حکومەتی کاتی سوریا، ئەمڕۆ لە دیمەشق لەگەڵ ژان نویل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش و پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەروەها ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاریکاری دووقۆڵی نێوان سوریا و فەرەنسا لەخۆگرتبوو.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا بە مەبەستی پتەوکردنی کەناڵەکانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.