کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە عەنکاوە و چۆڵکردنی باڵەخانە کۆنەکەی ڕاگەیاند
کونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر، بە فەرمی تەواوبوونی پرۆسەی چۆڵکردنی باڵەخانە کۆنەکەی لە شارۆچکەی عەنکاوە ڕاگەیاند، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٤ ساڵ لە کارکردن و هاوبەشی لەو ناوچەیەدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ڕێکەوتی ١ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، بەڕێوەبردنی گەڕەکەکە بە تەواوەتی ڕادەستی شارەوانی و خاوەن ماڵەکان کراوەتەوە. کونسوڵخانەی ئەمریکا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی "نەبەز عەبدولحەمید" قائیمقامی هەولێر و ستافەکەی کرد بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانیان لە گەڕاندنەوەی گەڕەکەکە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و ڕەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی خێزانەکان.
لەسەر داوای لایەنی خۆجێی عەنکاوە و بەپێی ڕێککەوتنی نێوانیان، کونسوڵخانە بڕیاریداوە بەشێک لە ژێرخانی ناوچەکە بۆ خزمەتی گشتی بەجێبهێڵێت، لەوانە:
تۆڕی کارەبا و ژێرخانی پەیوەست بەو بوارە.
پەرژینی ئەمنی و دیوارە کۆنکرێتییەکان بۆ سوودی شارەوانی.
ڕادەستکردنی کۆنترۆڵی دەروازەی بەرامبەر بەنزینخانەی بابل بە شارۆچکەکە و کردنەوەی ڕێگاکانی تر بەپێی پلانی شارەوانی.
لە ١ی شوباتەوە، خاوەن موڵکەکان دەستڕاگەیشتنی تەواویان بۆ خانووەکانیان دەبێت و بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەش لە ئەستۆی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەبێت.
کونسوڵخانەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی مانگی مایسی ٢٠٢٥ ئەنجامدراوە و ئاماژەیە بۆ هەماهەنگییەکی بەهێز، هاوکات هیوای خواست پەیوەندییە مێژووییەکانیان لەگەڵ عەنکاوە لە ئایندەشدا بەردەوام بێت.