وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی ڕاگەیاندنی حەسەکە بە میدیای حکومەتی سوریای ڕاگەیاندوە کە دژی دانانی پارێزگارەکەی حەسەکەن و دەڵێت "هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی نییە سەبارەت بە دانانی نورەدین عیسا ئەحمەد وەک پارێزگاری حەسەکە".
پێنج شەممە، ٥ شوبات ٢٠٢٦، ئیبراهیم حەلەبی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی ڕاگەیاندنی حەسەکە ڕایگەیاند "ئێمە هەمیشە دژی ئەوە بووین کە سەربازییەکان (عەسکەر) ئیدارەی پارێزگاکان بگرنە دەست، ئێمە ئومێدەوار بووین و چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد کەسایەتییەکی نیشتمانی ئیدارەی پارێزگای حەسەکە بگرێتە ئەستۆ".
ئەو وتەبێژە وتوشیەتی "هەموو ئەو کەسایەتییانەی کە پارێزگاکانی سوریا بەڕێوەدەبەن، کەسایەتی مەدەنین".
شەوی ڕابردوو نورەدین عیسا ئەحمەد وەک پارێزگاری حەسەکە دەست بەکاربوو.
نورەدین عیسا ئەحمەد لە ساڵی ١٩٦٩ لە قامیشلۆ لەدایکبووە، بڕوانامەی ئەندازیاری میکانیک و کارەبای لە زانکۆی شام وەرگرتووە و لە ساڵی ١٩٩٣ تاوەکو ٢٠١٢ وەک ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ کاری کردووە.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ و لە کاتی دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیکدا، بەرپرسیاریێتی پەیوەندییە گشتییەکانی گرتووەتە ئەستۆ و بووەتە ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە.
نوورەدین عیسا لە بارەی هەڵبژاردنی بۆ پۆستی پارێزگاکە وتویەتی "بەڕێوەبەری گشتیی ئێمە، بەڕێز جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی پێویستە بتبینین، منیش گوتم باشە، رۆیشتم و گوتیان ئێمە تۆمان پێشنیاز کردووە بۆ پارێزگای حەسەکە".