راوێژکاری ئەردۆغان: مافی هیوا ئۆجەلانیش دەگرێتەوە

‌محەمەد ئوچوم، ڕاوێژکاری ئەردۆغان

ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی جێگری گشتی سەرۆکی مەهەپەی دایەوە و دەڵیت "دەرفەتێکی ئازادکردن نییە کە تایبەت بێت بە کەسێکی دیاریکراو یان تەنها بۆ ئۆجەلان بێت".

پێنج شەممە، ٥ شوبات ٢٠٢٦، محەمەد ئوچوم، ڕاوێژکاری ئەردۆغان ڕایگەیاند "مافی ئومێد بریتییە لە ئومێدی ئازادکردنی مەرجدار، کاتێک ئەم دەرفەتە دەدرێت بەو سزادراوانەی کە ئێستا لە دەرەوەی ئەم بازنەیەن، دیسانەوە بنەماکانی ئازادکردنی مەرجدار جێبەجێ دەکرێن، بەپێی بڕیاری دەستەی چاودێری و کارگێڕی کە لانی کەم شەش مانگ جارێک هەڵسەنگاندن دەکات، یان لە ئەگەر تانەگرتن، بەپێی بڕیاری دادوەری جێبەجێکردنی سزا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەمە نابێتە پڕۆسەیەکی ئۆتۆماتیکی".

محەمەد ئوچوم ئەو سزادراوانەی کە دەکەونە چوارچێوەی مافی هیوا بەم شێوازە دیاریکردوە: 
- ئەوانەی بەهۆی هەندێک تاوانی دیاریکراوەوە سزای زیندانی توندی هەتاهەتایییان وەرگرتووە.
 - ئەو تاوانبارانەی تیرۆر کە لە ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانیان بۆ گۆڕدراوە بۆ زیندانی توندی هەتاهەتایی.
- ئەوانەی وەک تاوانباری تیرۆر سزای زیندانی توندی هەتاهەتایییان وەرگرتووە.
"عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش دەکەوێتە ناو چوارچێوەی ئەم سزادراوانەوە. مەسەلەکە بە کورتی بەم شێوەیەیە" ڕاوێژکاری سەرۆکی تورکیا وا دەڵێت. 

هاوکات مستەفا ئەلیتاش، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی دەڵێت، پرسی پێدانی مافی هیوا، پەیوەندی بە لیژنە پەرلەمانییەکەوە هەیە و بەهیوان ڕاپۆرتی لیژنەکەش بە ڕەزامەندی هەمووان بنووسرێتەوە.

چوار شەممە، ٤ شوباتی ٢٠٢٦، فەتی یڵدز، جێگری گشتی سەرۆکی مەهەپە و ئەندامی "لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە بۆ پرۆسەی "ئاشتی" لە پەرلەمانی تورکیا دامەزراوە، ڕایگەیاند "دەقێکی گشتگیر ئامادە دەکەین و بوون یان نەبوونی بە پڕۆژەیاسا لە دەسەڵاتی پەرلەمانی تورکیایە، ئەگەر لە پەرلەمان رێککەوتن لەنێوان فراکسیۆنەکاندا بکرێت، دەکرێ پێشنیازەکە ببێتە یاسا،  پرۆسەی یاسادانانەکە کاتێکی زۆری ناوێت".

ئەو بەرپرسەی مەهەپە لەبارەی مافی هیوا بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان و ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکردوە "لەسەر مافی هیوا ڕێککەوتووین، هیچ کێشەیەک نییە و لە ڕاپۆرتەکەدا جێگیر دەکرێت، و پێویستە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووریی تورکیا جێبەجێ بکرێن، ئەگەر دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا پێشێلکارییەک دەستنیشان بکات و هەڵسەنگاندنێکی روون بۆ ئازادکردنی هەبێت، دەبێت ئەوە جێبەجێ بکرێت" .




PM:11:01:05/02/2026