دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لە بارەی داخستنی ئۆفیسی NRT لە دهۆک و هەولێر بلاوکردەوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پێنج شەممە، ٥ شوبات ٢٠٢٦، لەسەر داخستنی نوسینگەی NRT لە هەولێر و دهۆک رایگەیاند "هەمیشە وەک بنەمایەکی نەگۆڕ پاڵپشتی لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی کاری رۆژنامەگەری دەکەین لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام ئەم ئازادییە نابێت بە هیچ شێوەیەک تێکەڵ بە سوکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکان و رەمز و سیمبولە نەتەوەییەکان بکرێت".
"ڕەفتارەی کەناڵی ئاسمانیی NRT لەکاتی گواستنەوەی دانیشتنێکی فەرمی، کە تێیدا هەستاون بە لێڵکردنی وێنەی ڕەمزی نەتەوەیی کورد مەلا مستەفا بارزانی، پێمان وایە ناچێتە چوارچێوەی کاری ئازادی ڕۆژنامەگەری"، دەستەی مافی مرۆڤ وا دەڵێت.
دەستەکە وتوشیەتی "تەکنیکی لێڵکردن تەنها بۆ شاردنەوەی دیمەنە نەشیاوەکان، تیرۆریستییەکان، یان ئەو دیمەنانەی پێچەوانەی دابونەریت و پاراستنی ناسنامەی قوربانیانن بەکاردێت، بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە بۆ وێنەی سیمبوڵێکی نەتەوەیی، سوکایەتییەکی ڕاستەوخۆیە و بریندارکردنی هەستی نەتەوەییە".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داواکاریەک ئاراستەی لایەنە بەرپرسیارەکان "لێرەوە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەکەین، بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارانە بکەن کە دەبنە هۆی نانەوەی فیتنە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ئازادیی میدیا بە مانای شێواندنی مێژوو و بێڕێزی کردن بە ناسنامەی نەتەوەیەک نییە".
لە کۆتایدا دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان "ئێمە لە دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە و بەدواداچوونەکانمان چڕتر دەکەینەوە، تاوەکو ڕاستییەکان وەک خۆی بۆ ڕای گشتی و خەڵکی کوردستان بخەینە ڕوو".
چوار شەممە، ٤ شوبات ٢٠٢٦، ئێن ئاڕ تی بڵاوی کردەوە کە هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر نووسینگەکەیان لە شاری هەولێر و دهۆک سەرجەم کارمەندەکانیان لە ناو بیناکە کردووەتە دەرەوە و دەستیان بەسەر کەلوپەل و نووسینگەکەدا گرتووە و ئەم هەنگاوەشیان وەک گوشارێک بۆ سەر دەنگی ئازاد و کارە میدیاییەکانیان لە قەڵەم داوە.