ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند” مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەگەڵ جان نویل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەنجامدا.”
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە رۆهەڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر ئامادە بوون.
تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان تەرخانکرابوو بۆ تاووتوێکردنی ڕێگاکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم. هەردوولا جەختیان لە پێویستی پابەندبوون و جێبەجێکردنی تەواوەتی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە کردەوە وەک بنەمایەک بۆ قۆناغی داهاتوو.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە بەردەوامی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان هەسەدە و فەرەنسا کرا لە شەڕی دژی داعش. جەخت کرایەوە لەسەر زامنکردنی پاراستن و ئاسایشی ئەو زیندان و دامەزراوانەی کە چەکدارانی داعش و کەسووکارەکانیانی تێدا ڕاگیراون، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەکی ئەمنی.
بەشداربووان باسیان لە گرنگی پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە سوریا کرد.
هەروەها گفتوگۆ کرا لەبارەی پرۆسەی یەکخستنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان، بە یەکینەکانی پاراستنی ژنانیشەوە (یەپەژە)، بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاسایشی سەرتاسەری ناوچەکە بکات.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم قۆناغە بۆ پتەوکردنی سەقامگیری و بەردەوامی شەڕی تیرۆر گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە.
لە بەرامبەردا، سەرکردایەتی هەسەدە پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم و بەردەوامی هەوڵەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دووپاتکردەوە.
لە کۆتاییدا، فەرماندەیی هەسەدە پێداگری لەسەر پێویستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەتایبەت لە عەفرین و سەرێ کانی کردەوە.
مەزڵوم عەبدی جەختی لە گرنگی بەشداری چالاك لەسەر ئاستی نیشتمانی کردەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی گشتگیر کە مافی هەموو پێکهاتەکانی سوریا بپارێزێت، هاوکات ستایشی ڕۆڵی ئەرێنی و کاریگەری فەرەنسای کرد لە پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی.