مەسعود بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: پشتگیری پڕۆسەی ئاشتی دەکەین

ئەمڕۆ هەینی، ٦ی شوباتی ٢٠٢٦، لە پیرمام مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژۆن نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و شاندێکی یاوەری کرد.

 لە دیدارەکەدا کە باڵیۆز و کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سڵاوی تایبەتی ئیمانوێل ماکرۆنی گەیاندە مەسعود بارزانی و جەختی لە بەردەوامیی دۆستایەتی و پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ گەلی کوردستان کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دۆخی سیاسیی ناوچەکە و سووریا و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ستایشی هەوڵەکانی مەسعود بارزانی کرد بۆ هاندانی لایەنەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سووریا. 

لای خۆشیەوە، مەسعود  بارزانی جەختی لە پشتگیریکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ڕێگەی دیالۆگەوە کردەوە و هیوای خواست ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە ببێتە بنەمایەک بۆ سەقامگیری و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پاکتاوێکی ڕەگەزی.

سەبارەت بە مەترسییەکانی تیرۆر، مەسعود بارزانی هۆشداریی دا لە ئەگەری بەهێزبوونەوەی داعش و جەختی لە پێویستیی بوونی هەماهەنگیی تۆکمە لە نێوان لایەنەکاندا کردەوە. 

لە کۆتایی دیدارەکەدا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هەمیشە پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و گەیشتنی گەلی کورد بە مافەکان بە ڕێگەی ئاشتیانە دەکات.




PM:01:07:06/02/2026