خانمێکی کورد دەبێتە وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا

دیلان یەشیلگۆز، سیاسەتمەداری کورد، وەک وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەستبەکاربوو.

هەرسێ پارتی (D66)، (CDA) و (VVD) گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کەمینە. لەم دابەشکارییەدا، دیلان یەشیلگۆز وەک سەرۆکی پارتی (VVD) نەک تەنها پۆستی وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیرانی وەرگرت، بەڵکو حزبەکەشی بەرپرسیارێتی 6 وەزارەتی گرنگی لە کابینە نوێیەکەدا بەرکەوت.

دابەشبوونی وەزارەتەکانی پارتی
VVD بە سەرۆکایەتی دیلان بەم شێوەیە دەبێت:


دیلان یەشیلگۆز: وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیران.

ئیلکۆ هاینین: وەزیری دارایی.

دەیڤد ڤان وێل: وەزیری داد و ئاسایش.

و چەندین وەزارەتی تری وەک کار، ژێرخان و تەندروستی.

دواتر دیلان یەشیلگۆز، وەزیری نوێی بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا ڕایگەیاند" جێگەی شانازییەکی گەورەیە وەک وەزیری بەرگری دەستبەکار دەبم بۆ پاراستنی ئازادی و ئاسایشی وڵاتەکەمان؛ لەم قۆناغەدا کە دەبینین ئاسایش و ئازادی بەدەستنەهاتوون، کار بۆ بونیادنانی هۆڵەندایەکی بەهێز دەکەین کە بتوانێت ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو ببێتەوە و پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت، هاوکات بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کار دەکەین بۆ پشتگیریکردنی ئەو ژن و پیاوانەی ڕۆژانە لە ناو هێزە چەکدارەکاندا بەرگری لە خاکی هۆڵەندا و ئازادیی ئێمە دەکەن".

یەشیلگۆز سەرۆکی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی (VVD)ـیە و ئێستا سەرپەرشتیاری تەواوی هێزە چەکدارەکان و سیاسەتی بەرگریی نیشتمانیی هۆڵەندایە.

دیلان یەشیلگۆز لە ١٩٧٧ لە باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەهۆی فشارە سیاسییەکانەوە لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو هۆڵەندا کۆچیان کردووە.بڕوانامەی ماستەری لە زانستە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە زانکۆی ئەمستەردام (Vrije Universiteit) بەدەستهێناوە.




PM:03:25:06/02/2026