هێزەکانی ئەمریکا دەست دەکەن بە چۆڵکردنی گەورەترین بنکەی خۆیان لە حەسەکە

ئەمڕۆ هەینی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستیان کرد بە چۆڵکردنی گەورەترین بنکەی سەربازی خۆیان لە ئەلشەدادی کە دەکەوێتە باشووری حەسەکە لەرۆژئاوای کوردستان.

بە گویرەی زانیاری میدیاکان، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کردووە بە گواستنەوەی ئۆتۆمبێلی سەربازی قورس، سەرباز، کەرەستە و بارهەڵگر کە پێداویستی لۆجستییان لە بنکەی ئەلشەدادیەوە بۆ خاکی عێراق دەگواستەوە و بەشێکیشیان بۆ بنکەی خەراب ئەلجیر لە نزیک شاری ڕمایلان.

ڕوونیشیکردەوە کە بنکەی ئەلشەدادی لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی جوڵەیەکی بێ وێنەی فڕۆکە بارهەڵگرەکانی ئەمریکا بووە کە کەرەستەی سەربازی و ئۆتۆمبێلیان گواستووەتەوە بۆ بنکەی خەراب ئەلجیر لە جەرگەی ڕمایلان لە رۆژئاوای کوردستان.

ئاشکراشیان کردووە شەوی ڕابردوو کاروانێکی زیاتر لە ١٠٠ بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە شاری ئەلشەدادی بەرەو هۆڵی خەراب ئەلجیر و بەرەو سنووری عێراق بەڕێکەوت.

سەرچاوەیەکی ئەمنی پشتڕاستکردەوە کە "چۆڵکردنی بنکەکە لانیکەم هەفتەیەک دەخایەنێت" و دەشڵێت: "ئەو بنکە هێشتا سەرباز و ئەفسەری ئەمریکی لەخۆدەگرێت، هەروەها ئامێر و ڕادار و سیستەمی بەرگری ئاسمانی تێدایە".

بنکەی ئەلشەدادی لەگەڵ بنکەی خەراب ئەلجیر و قەسرەک لە پارێزگای حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا،( رۆژئاوای کوردستان) یەکێکە لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان،  بەم دواییە شاری ئەلشەدادی کەوتە دەست هێزەکانی حکومەتی سوریا، دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لێی پاشەکشەیان کرد بەرەو حەسەکە.




PM:04:38:06/02/2026