هۆشداری لە لافاو دەدرێت شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

کەشناسێک، هۆشداری توند دەدات، بارانێکی زۆر بە شێوەی بەردەوام دەبارێت و ئەگەری دروست بوونی لافاو هەیە. 

بەپێی پێشبینییەکانی ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو شەپۆلی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، کاریگەرییەکانی ناسەقامگیری کەشوهەوا لەسەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان چڕ دەبێتەوە و لە ئەمشەوەوە تاوەکو نیوەڕۆی سبەی یەکشەممە، بارانێکی زۆر بە شێوەی بەردەوام دەبارێت و لە هەندێک کاتدا دەبێتە لێزمە باران کە مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاوی لە چەم و دۆڵ و ناوچە نزمەکاندا لێ دەکرێت.

ئەم شەپۆلە لە دوای نیوەڕۆی سبەی یەکشەممەوە بەرەو لاوازبوون دەچێت، بەڵام نمەباران و تاوەبارانی پچڕپچڕ لە شوێنی جیاوازدا بەردەوام دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما بە بڕی ٢ تا ٣ پلە بەرز دەبنەوە و خێرایی با لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت لە ئاراستەی باشووری ڕۆژئاواوە.

سەبارەت بە بڕی بارانی پێشبینیکراو بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، پێشبینی دەکرێت لە سنووری پارێزگای هەولێر ٣٠ بۆ ٥٠ ملم و لە ناوچە شاخاوییەکانی ٤٠ بۆ ٦٠ ملم باران ببارێت، لە کاتێکدا لە دهۆک ٣٠ بۆ ٤٠ ملم و لە ناوچە شاخاوییەکانی ٤٠ بۆ ٦٠ ملم دەبێت. 

هەروەها بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بڕی ٢٠ بۆ ٣٠ ملم و لە ناوچە شاخاوییەکانیان ٣٠ بۆ ٥٠ ملم باران دەبارێت، لە کەرکوک و گەرمیان بڕەکە لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ ملم دەبێت، بەڵام زۆرترین بڕی بارانبارین لە ئیدارەی ڕاپەڕین دەبێت کە دەگاتە ٥٠ بۆ ٧٠ ملم و لە ئیدارەی سۆرانیش ٤٠ بۆ ٦٠ ملم باران دەبارێت.

ئراس جەبار، ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، بەهۆی مانەوەی سیستەمە نزمەپاڵەپەستۆکانی دەریای ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بارانبارین بە شێوەی تاوەبارانی بەهاری و هەورەبرووسکە و تەرزە لە کات و شوێنی جیاوازدا بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر ڕوو لە بەرزی دەکەن، بە جۆرێک کەشوهەوای ناوچەکە بە تەواوی ڕەنگی وەرزی بەهاری پێوە دیار دەبێت.




PM:09:50:07/02/2026