بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستە باڵاکان دەچنە بەغدا

بڕیارە سبەی یەکشەممە کە دەکاتە ٨ی شوبات، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەیەکی گرنگ و چارەنووسساز ئەنجام بدات و تێیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیە و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان سەردانی بەغدادی پایتەخت بکات.

ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەوە فراوانەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەدەچێت بریتییە لە یەکلاکردنەوەی کۆتایی هەردوو پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوکات تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی ناوخۆی وڵات و هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.

لە لایەکی ترەوە عەباس مووسەوی ڕاوێژکاری میدیایی نوری مالیکی جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆبوونەوەکە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتاییە لەسەر کاندیدی پۆستە سیادییەکان و دووپاتی کردووەتەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستێکی ڕوونی هەیە و گفتوگۆکانیان لەسەر بنەمای پێشهاتە نوێیەکان دەبێت.

سەبارەت بە دەنگۆکانی کشانەوەی کاندیدەکان مووسەوی ئاشکرای کردووە کە نوری مالیکی هیچ نیازی کشانەوەی نییە و لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگرن لەسەر کاندیدەکەی خۆیان و هەموو ئەو زانیاری و سیناریۆیانەی لە دەرەوەی ئەم ڕاستییە باس دەکرێن دوورن لە واقیعەوە.

-




PM:10:33:07/02/2026