نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار دەچنە بەغدا

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبێتەوە، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش، یەکلاکردنەوەی هەردوو پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراقە.

عەباس مووسەوی، راوێژکاری میدیایی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە میدیای پارتی ڕاگەیان" بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆببێتەوە".

بە وتەی مووسەوی، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران دەکرێت، هاوکات دۆخی ناوخۆی وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکەش دەخرێنە بەر باس.

سەبارەت بە نیگەرانییەکان لە کاندیدبوونی مالیکی ، مووسەوی جەختی کردەوە" نوری مالیکی نیازی کشانەوەی نییە، چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستێکی روونی هەیە و پێداگرە لەسەر کاندیدەکەی، هەموو ئەو زانیاری و سیناریۆیانەی باس دەکرێن دوورن لە واقیعەوە".

هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە چوارچێوەی هەماهەنگی وتی" نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتیشە، ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت".

لای خۆشیەوە، میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردۆتەوە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی دەچێتە بەغدا و بەشداری لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەكات.






PM:01:09:08/02/2026