ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ناسنامەی ٦٣ شەڕڤانی بڵاوکردەوە کە لە مانگی ڕابردوو لە پێکدادانیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع شەهید بوون.
یەک شەممە، ٨ شوبات ٢٠٢٦، بە پێی ڕاگەیاندراوی هەسەدە ئەو شەڕڤانانەی لە ٣ تا ٢٨ کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە ئەنجامی پێکدادانی هێزەکانیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی شەرع لە ناوچەکانی دێرەزوور، ڕەقە، حەسەکە و ناوچەکانی دیکە شەهیدبوون و ناسنامەیان دیارە و یەکلابۆتەوە ٦٣ شەڕڤانن.
سەبارەت بەو شەڕڤانانەی شەهیدبوون زۆربەیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن، لەوانە ٤١ کەسیان خەڵکی کۆبانێن، ٧یان خەڵکی عەفرینن، ٦یان خەڵکی قامشلۆن و ٥ خەڵکی باکوری کوردستان و پارێزگاکانی تورکیان.
ئەو ناوچانەی تیایدا شەڕەڤانەکان شەهیدبوون بەم شێوەیەیە: ١٥ شەڕڤان لە رەققە، ١٣ لە دێرەزوور، ٦ لە کۆبانێ، ٤ لە کەسراتی رەققە، ٣ لە مەسکەنە، ٣ لە چل ئاغا، ٣ لە تەبقە، یەک لە دێر حافر، یەک لە قامشلۆ.
لەو ٦٣ شەڕڤانەی شەهیدبوون، ٩یان شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، ٢ لە یەکینەکانی دژە تیرۆر و ئەوانی دیکەش سەر بە یەپەگە و هێزەکانی سووریای دیموکراتن.
ئەم ژمارەیە کۆی گشتی شەهیدەکان نین و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زیاتربێت، بەڵام تا ئێستا ڕانەگەیندراوە.