بەپێی لێکدانەوە زانستییەکانی شارەزایەکی بواری کەشناسی و فەلەکی، پێشبینی دەکرێت مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ ٢٩ ڕۆژ بێت و کاتی دەستپێکی مانگەکە و یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانیش دیاری کراوە.
سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی و فەلەکی ڕایگەیاندووە " ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی شوبات (٢٩ی شەعبان)، مانگ و خۆر پێکەوە ئاوا دەبن و بینینی مانگ مەحاڵ دەبێت، بەو پێیەش، ڕۆژی چوارشەممە دەبێتە تەواوکەری مانگی شەعبان و ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی شوبات وەک یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەستنیشان دەکرێت.”
سەبارەت بە کۆتایی مانگی ڕەمەزان، ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ئازار، مانگ ٢٧ خولەک دوای خۆر ئاوا دەبێت و بە ڕوونی دەبینرێت. بۆیە ژمارەی ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزان دەبێتە ٢٩ ڕۆژ و ڕۆژی هەینی ٢٠ی ئازار دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز.
ئەم دیاریکردنە پشت بە لێکدانەوە فەلەکییەکان دەبەستێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە مانگ بە چاو یان بە تەلەسکۆب تێیاندا دەردەکەوێت. جەخت لەوەش کراوەتەوە کە جیاوازیی چەند خولەکێک لە ئاوابوونی مانگ دوای خۆر، بنەمای سەرەکییە بۆ دیاریکردنی سەرەتای مانگە کۆچییەکان.
سیروان ساڵح جەختی کردەوە، ئەم زانیارییانە تەنیا لێکدانەوەی زانستین و بڕیاری کۆتایی و فەرمی بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان و جەژن، تەنیا لە دەسەڵاتی لیژنەکانی بینینی مانگ و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستاندایە.