لە ڕۆژئاوای کوردستان ٢٣٠ هەزار قوتابی بێبەش بوون لە خوێندن

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە نوێترین ڕاپۆرتیدا بڵاویکردەوە، هۆشداریی لە "کارەساتێکی مرۆیی و پەروەردەیی دەدات. بەهۆی گۆڕینی قوتابخانەکان بۆ پەناگەی ئاوارەکان، نزیکەی ٢٣٠ هەزار قوتابی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دەستپێکی وەرزی دووەمی خوێندن بێبەش بوون.'

بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ١٦٠ هەزار قوتابی لە حەسەکە، قامیشلۆ و گوندەکانیان، لەگەڵ ٧٢ هەزار قوتابی لە کۆبانێ بە تەواوی لە پرۆسەی خوێندن دابڕاون. 

ئەم دۆخە نەک تەنیا خوێندنی ڕاگرتووە، بەڵکو ڕێگر بووە لەوەی قوتابییان تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ ئەنجام بدەن، کە ئەمەش مەترسیی فەوتانی ساڵێکی خوێندنی لێ دەکرێت.

هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانە بۆ شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەگەڕێتەوە. ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە بوونە هۆی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەیی، کە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ناچار بوون سەدان قوتابخانە وەک ناوەندی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە ئاوارەکان بەکاربهێنن.

ڕوانگەکە هۆشداری دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی "یونیسێف" کە مانەوەی ئەم ژمارە زۆرەی منداڵان لە شەقام و کەمپەکان، دەبێتە هۆی کارەساتی کۆمەڵایەتی و زیادبوونی کارکردنی منداڵان. 

داواش لە لایەنە سەربازییەکان دەکرێت بە پەلە شوێنی نیشتەجێبوونی جێگرەوە بۆ ئاوارەکان دابین بکەن و قوتابخانەکان چۆڵ بکەن بۆ ڕزگارکردنی ئاییندەی نەوەیەکی نوێ.





PM:10:33:08/02/2026