لەبارەی گرانی نرخی کارەباوە وەزارەت روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا جەخت لە جێگیربوونی نرخەکانی کارەبا دەکاتەوە و هۆکاری زیادبوونی بڕی پسوڵەی مانگی کانوونی دووەم (مانگی یەک) بۆ سەرما و زیادبوونی بەکاربردن دەگەڕێنێتەوە، هاوکات ئاسانکارییە نوێیەکانی پارەدان دەخاتە ڕوو.

وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە نرخی یەکەی کارەبا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و هەمان ئەو نرخەیە کە بە شێوەیەکی یاسایی لە ڕۆژنامەی (وەقائعی کوردستان) بڵاوکراوەتەوە. هەروەها جەخت لە گرنگیی پڕۆسەی پارەدانی "ئۆنلاین" کراوەتەوە وەک هەنگاوێکی شارستانی و شەفاف کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتیان تا بەبێ سەردانیکردنی فەرمانگەکان کرێی کارەبا بدەن.

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی تێچووی کارەبای مانگی یەک، وەزارەتی کارەبا ڕوونی کردەوە کە بەهۆی شەپۆلی سەرمای توند و دابەزینی پلەکانی گەرما، هاووڵاتیان بڕێکی زۆرتر کارەبایان بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بڕی پارەی پسوڵەکان. وەزارەت دڵنیایی دەدات کە ئەگەر هەر هاوبەشێک گرفتێکی لە پسوڵەکەیدا هەبێت، تیمە تایبەتەکانی فەرمانگەکانی فرۆشتنی کارەبا ئامادەن بۆ پێداچوونەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان.

لە کۆتاییدا وەزارەتی کارەبا داوا لە هاووڵاتیان و هاوبەشانی کارەبا دەکات کە بەپێی پێویستیی ڕاستەقینە کارەبا بەکاربهێنن و دەست بە بەکارهێنانیەوە بگرن، تاوەکو بڕی تێچووەکەی نەبێتە بارگرانیی دارایی لەسەریان و بتوانرێت بەردەوامیی زیاتر بە پێدانی وزەی کارەبا بدرێت.




PM:11:14:08/02/2026