ڕۆژنامەی یەنی یاشام، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە کە " عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەر زیندانی کراوی پەکەکە بە تورکیای وتووە کە ئەگەر ئەنقەرە سیاسەتی خۆی سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان نەگۆڕێت، لە پڕۆسەی ئاشتی دەکشێتەوە، و وتوشییەتی" پیلانگێڕییەکی زۆر گەورەلە ئارادایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان وهێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستانیش"، ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا ئەو زانیاریانە هیچ میدیایەکی پەکەکە بڵاوی نەکردوەتەوە.
ڕۆژنامەکە وردەکاریی پڕۆسەکەی بەم جۆرە خستووەتەڕوو" لە سەرەتای ناکۆکییەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، عەبدوڵا ئۆجەلان، لە بابەتەکانی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانەکان و داهات هۆشداری بە ڕۆژئاوای کوردستان داوە و داوای لە دەسەڵاتی خۆسەر کردووە، ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و بەرگری لەخۆکردن ئەنجامی بدەن و بە ڕوون و ڕاشکاویی بە دەسەڵاتی خۆسەری گوتووە؛ لەگەڵ کام هێز دەتوانن سازانی ستراتیژی بکەن، بیکەن".
.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە " زانیارییەکان دەریدەخەن لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی چواری مانگ، پێشنیازێکی کۆبوونەوە لە ئیسرائیلەوە بە سووریا گەیشتووە. ئەوە بوو ڕۆژانی پێنج و شەشی کانووی دووەم، سووریا و ئیسرائیل لە پاریس ڕێککەوتن".
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو داواکاریی کۆبوونەوەیەی ئیسرائیل، لەسەر خواستی بەریتانیا بووە و تەنانەت بەریتانییەکان بە ڕوون و ڕاشکاویی بە بەرپرسانی هەسەدەیان وتوە" ڕێگە نادەین ڕێککەوتنی سایکسپیکۆ هەڵبوەشێتەوە."
ئۆجەلان،لە نامەیەکدا بە دەسەڵاتی خۆسەر ناردووە و نووسیویەتی" ئەوەی ڕوودەدات پیلانگێڕییەکی زۆر گەورەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، هێرشەکان لە حەلەب ناوەستن، هەوڵی داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان دەدرێت و تەنانەت هێرشیش دەکرێتە سەر شنگال، هەرێمی کوردستان و قەندیل، هەر بۆیە ڕێکار بگرنەبەر و خۆیان( ئیدارەی خۆسەر) بۆ بەرگری و بەرخۆدانێکی گەورە ئامادە بکەن.
رۆژنامەکەدا ئاشکرای کردووە کە " لە بەردەوامیی پڕۆسەکە و پێکدادانەکاندا، تورکیا پێشنیازێکی شەش ماددەیی کە پێشنیازی سووریا بووە، بە ئۆجەلان داوە کە دواتر دەرکەتووە هەمان ماددەکانی ڕێککەوتنی ١٨ی کانوونی دووەمە، ئۆجەلان بە ڕوون و ڕاشکاویی پێشنیازەکەی ڕەتکردووەتەوە، بە پیلانی لەناوبردنی کورد وەسفی کردووە و بە بەرپرسانی تورکیای وتوە" بۆچی ئەم پێشنیازە بە تورکمانەکانی سووریا نادەن؟ ئێوە لەپێناو لەناوبردنی کورد، تورکمانەکان دەکەنە قوربانی."
پاش کۆبوونەوەی ئیمراڵی لە ١٧ی مانگ ، گفتوگۆ و پەیوەندی گەرم لەنێوان ئەنقەرە، دیمەشق، قامیشلۆ، هەولێر و واشنتن ڕوودەدات.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە " ئەمریکا و بەریتانیا داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کورستان دەکەن لە هەندێک بابەت بەرپرسانی دەسەڵاتی خۆسەر قایل بکەن، بەڵام خۆپیشاندانەکانی کورد لە کوردستان و جیهان، وای کرد ئەو داواکارییە سەرنەگرێت و ئەنجامی نەبێت".
رۆژنامەکە دەڵێت" ئۆجەلان بە بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیای وتوە" ، سیاسەتی تورکیا لە بارەی ڕۆژئاوای کوردستان قبوڵ ناکات و ئەگەر تورکیا لەو جۆرە سیاسەتەی بەردەوام بێت، بە تەواویی لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکشێتەوە".
ئۆجەلان لە درێژەی قسەکانیدا بە بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیای دەڵێت" ئەگەر دۆخی سووریا بەو جۆرە بەردەوام بێت، ئەو پڕۆسەیەی لە تورکیا هەیە هیچ مانایەکی نامێنێت. بۆیە بڕۆن و بە بەرپرسانی باڵا بڵێن؛ ئۆجەلان بەشێک نییە لەم پیلانە و کەسیش ناتوانێت پاشەگەردانی بخاتە ڕۆژئاوای کوردستان و من بەو دۆخە قایل بکات".
هاوکات ئۆجەلان داوای لە تورکیا کردووە ڕێگەی پێبدەن دەستتێوەردان بکات و پاش ئەوەی ڕێگەی پێدراوە، دەرگا بەڕووی چەند کۆبوونەوەیەکدا کراوەتەوە. لەسەر پێشنیازی ئۆجەلان، ڕێککەوتنی ئاگربەست درێژکراوەتەوە.
بە گوێرەی رۆژنامەکە لە پڕۆسەکەدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەوڵێکی دیپلۆماسیی زۆریان داوە، ئەوەش دۆخەکەی ئارام کردووەتەوە. پاش ئەوەش تورکیا، سووریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قایل کراوە ڕێککەوتنێکی نوێ بکرێت.
ئەم قسانەی ئۆجەلان لە کاتێکدایە کە تا ئێستا ئەو زانیاریانە هیچ میدیایەکی پەکەکە بڵاوی نەکردوەتەوە.