"هەر خانەشینێك خودی خۆی بۆ مووچە ئامادە نەبێت، مووچەی مانگی یەكی پێ نادرێت"

بەرپرسێكی بانكەكانی وەزارەتی دارایی ئاشكرای دەكات، هەر خانەشینێك خودی خۆی بۆ مووچە ئامادە نەبێت، مووچەی مانگی یەكی پێ نادرێت.

فریاد فاخر، بەڕێوەبەری بانکی سەروەران بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی خانەنشینان، دەبێت خانەنشین خۆی ئامادە بێت، ئەگەرنا مووچەكەی پێ نادرێت، ئەوە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بانكەكانی وەزارەتی داراییە".

ئاماژەی بەوەشدا:ساڵانە لە سەرەتای مانگەوە بۆ ئەوەی بزانین كێ لە ژیاندا نەماوە، بەتایبەت خانەشینان، دەبێت خۆیان لە بانك ئامادە بن".

باسی لەوەشکرد" بۆ مووچەی مانگی یەك كار بە بریكارنامە ناكرێت، واتا ئەوانەی بریكاریان داوەتە كەسێكیان بۆ وەرگرتنی مووچەیان، لە مووچەی مانگی یەكدا كار بەوە ناكرێت، دەبێت مووچەخۆرەكە خۆی ئامادە بێت".

بەڕێوەبەری بانکی سەروەران سەبارەت بەو خانەنشینانەی لەدەرەوەی وڵاتن وتی" ئەوەی لەدەرەوەی وڵاتە دەبێت بەڵگەژیانی خانەنشین (بەرحەیات)ی بهێنێت، ئەگەرنا مووچەی ئەوانیش خەرج ناكرێت".

نزیكه‌ی‌ ٣٠٠ هه‌زار خانه‌نشین له‌ هەرێمی کوردستان هه‌ن و بەشی زۆریان مووچەیان لە بانكەكان دابەش دەكرێت و بەشێكیشیان لە رێگەی كارتی (هەژماری من)وە مووچەیان پێ دەدرێت.



AM:11:33:09/02/2026