مەسەدە: بەردەوامی گەمارۆدانی کۆبانێ تۆڵەسەندنەوەیە


ئەمڕۆ ٢١ ڕۆژە کۆبانێ لەژێر گەمارۆدایە و ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) هۆشداری دەدات لە خراپی دۆخی مرۆیی شارەکە و دەڵێت "تاوانی جەنگ لە کۆبانێ ڕودەدات".

دوو شەممە، ٩ شوبات ٢٠٢٦، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند "شاری کۆبانێ کە ئێستا جێگەی دانیشتووانی رەسەن و ئاوارەی عەفرین، شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە، تەبقا و رەقەیە، بەدەست بڕینی سیستماتیکیی کارەبا و ئاو و رێگری لە گەیاندنی پێداویستییە پزیشکییەکان، خۆراک و سووتەمەنی دەناڵێنێت".

بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی مەسەدە ئەو گەمارۆیە کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان بە تایبەت منداڵان دروستکردوە و ئێستا بە هۆی نەمانی پێداویستیەکانەوە بەشێک لە بازاڕ داخراوە. 

لە کۆتاییدا مەسەدە داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردوە دەستبەجێ دەستوەردان بکات بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکە و رێگە لە هەرەسهێنانی باری مرۆیی بگرێت.

لەگەڵ ئەوەی لە ٣٠ کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە ڕێکەوتن لە نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی سوریا ئەنجامدراوە و لە ئێستادا لە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ڕیککەوتنەکەن، بەڵام تا ئێستا گەمارۆکانی سەر کۆبانێ بەردەوامە. 




PM:02:21:09/02/2026