ناوەڕۆکی کۆبونەوەی نێوان ئاسایشی کۆبانێ و حەلەب بڵاوکرایەوە

‌وێنەیەک لە کۆبونەوەکەی دوێنێ لە حەلەب

خەلیل عوسمان عەبدۆ، ئەندامی شاندی ئاسایشی کۆبانێ کە دوێنێ لەگەڵ بەڕێوەبرانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی کاتیی لە حەلەب کۆبونەوە، لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بۆ ئاژانسی هاوار قسەی کردوە و دەڵێت "گەمارۆی سەر کۆبانێ خاڵێکی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو، باس لە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانێ و کردنەوەی سەرجەم ڕێگاکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کرا".

دوو شەممە، ٩ شوبات ٢٠٢٦، خەلیل عوسمان عەبدۆ، ئەندامی ئیدارەی ئاسایشی کۆبانێ ڕایگەیاند "کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە ئەنجام دراوە، سەرەتا کار و خەبات لە گوندی شێخلەری سەر بە شاری قنێ ئەنجام دراوە، دواتریش ناوچەی چەلەبی و سرین کار ئەنجام دەدرێن، گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانە کرا و ڕێککەوتنەکان کرا، نزیکەی ١٠ خاڵی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی ئاسایش و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتدا دادەنرێن".

لە بارەی ڕێککەوتنەکەیانەوە ئەندامی شاندەکە وتویەتی "بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە بەرقەرارببێت و بۆ ئەوەی کورد و عەرەب بە ئاشتی پێکەوە بژین گفتوگۆکان ئەنجام دراون".

خەلیل عوسمان سەبارەت بە بەردەوامی کۆبونەوەکانیان ئاماژەی بەوە کردوە " کۆبوونەوەکان لە داهاتوودا بەردەوام دەبن و کاری باش دەکرێت".

ماوەی ٢١ ڕۆژە گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریاوە بەردەوامە و هاوڵاتیانی کۆبانێ بێ بەشکراون لە ئاو  وکارەبا و هێڵەکانی ئینتەرنێت و چوونی پێداویستیەکانیان بۆ ناو شارەکە. 




PM:06:03:09/02/2026