جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە میانی کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ دانیشتوانی شاری حەسەکە و ئاوارەکانی ناوچەکانی سەرێکانی و عەفرین پەردەی لەسەر وردەکارییەکانی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی یەکەم لادا کە لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا واژۆ کراوە و تێیدا جەختی لە گرنگی ئەم هەنگاوە کردەوە بۆ سەقامگیری ناوچەکە.
لە لایەنی کارگێڕییەوە مەزڵوم عەبدی ڕوونی کردەوە کە تەواوی دامەزراوەکانی ئێستای ئیدارەی خۆسەر لە کارەکانیان بەردەوام دەبن بەڵام گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت بە شێوەیەک کە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا یەکبخرێن و لەو چوارچێوەیەشدا سەرجەم دەستەکانی ئێستا دەگۆڕدرێن بۆ بەڕێوەبەرایەتی تاوەکو لەگەڵ سیستەمی نوێی کارگێڕی ڕێککەوتنەکەدا بگونجێن.
سەبارەت بە دۆخی سەربازی و پاراستنی ناوچەکان مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ڕێککەوتنەکە سێ لیوای سەربازی سەرەکی لە ناوچە ستراتیژییەکان جێگیر دەکرێن کە لیوایەکیان بۆ شاری حەسەکە و لیوایەک بۆ شاری قامیشلۆ دەبێت و سێیەم لیوای سەربازیش لە شاری دێریک ئەرکەکانی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە ئەنجام دەدات.
لە کۆتایی قسەکانیدا فەرماندەی هەسەدە باسی لە دەروازە سنوورییەکان کرد و دڵنیایی دا کە دەروازەی سێمێلکا وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ناکرێت تەنها ئەوە نەبێت کە حکومەتی کاتی نوسینگەیەکی تایبەت بە خۆی لەو دەروازەیە دادەمەزرێنێت بۆ ئەوەی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لەوێوە بەڕێوە بچن.