وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییان دەداتەوە سەبارەت بە بەرزیی نرخی پسوولەی کارەبای پڕۆژەی (رووناکی) و ڕایدەگەیەنێت” هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخەکاندا نەکراوە و هۆکاری زیادبوونی بڕی پارەکە بۆ چەند هۆکارێکی تەکنیکی و کەشوهەوا دەگەڕێتەوە.”
بەپێی ڕوونکردنەوەیەک کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە” پسوولەکانی ئەمجارە تەنیا بۆ مانگێک نەبووە، بەڵکو ئەژماری ٤٦ رۆژ بەکارهێنانی کارەبای تێدا کراوە.”
بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە مانگی یەکدا، خواست و بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی گونجاو دەکات تاوەکو ئەو بارگرانییە داراییەی لە وەرزی سەرمادا دەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتییان کەم بکاتەوە.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی وەزارەت دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستبوو و هاووڵاتییان وێنەی پسوولەکانیان بڵاودەکردەوە کە بڕێکی زۆر پارەی تێدا بووە.
ئەمە دووەم ڕوونکردنەوەی فەرمیی وەزارەتی کارەبایە لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا بۆ هێورکردنەوەی شەقام.