ئەبوبەکر هەڵەدنی بۆ خالید میشعەل: بەرماڵەکەت لەسەر ئاو بێت و دژی کورد بیت، جێگەت زبڵدانە

دوای ئەوەی خالید میشعەل، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە دەرەوە، لە کۆڕبەندی "الجزیرە" لە قەتەر لێدوانێکی مشتومڕاویی سەبارەت بە پێکهاتەکانی سوریا دا، کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە. میشعەل ڕایگەیاندبوو'' ئیسرائیل نایەوێت دەوڵەتێکی یەکگرتووی سوریا هەبێت، بەڵکو پشتیوانی لە کورد و دروز و عەلەوییەکان دەکات بۆ ئەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە تێکبدات.'' ئەم لێدوانە وەک سوکایەتی و تۆمەتبارکردنی کورد بە هاوکاری ئیسرائیل لێکدرایەوە.

لە بەرامبەر ئەم لێدوانانەدا، ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، وەڵامێکی توندی میشعەلی دایەوە. هەڵەدنی لێدوانەکانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماسی بە هەوڵێک بۆ ڕازیکردنی وڵاتانی خانەخوێ و گەڕان بەدوای "مەجدی عەرەبی" وەسف کرد. 

ڕەخنەی ئەوەشی لێگرت کە لە کاتێکدا بەرامبەر پرسی جۆلان و ئیسرائیل بێدەنگە، کەچی ئێستا "زمانی بەرامبەر کورد درێژ بووە".

بە بڕوای هەڵەدنی، دوو هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم هەڵوێستەی میشعەلەوەن، یەکەمیان شوێنی مانەوەی ناوبراوە، کە دەڵێت'' تۆ لە دۆحە و ئەستەنبوڵ دانیشیت، هەر دەبێت بە دڵی ئەوان قسە بکەیت". هۆکاری دووەمیش بۆ عەقڵیەتی بزاڤە ئیسلامییە عەرەبییەکان دەگەڕێنێتەوە کە گوتارێکی نەتەوەیی توندیان هەیە و تەنها خەون بە شکۆیەکی عەرەبیی لەدەستچووەوە دەبینن، نەک برایەتی ئیسلامی.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هەڵەدنی هەڵوێستێکی ڕاشکاوانەی بەرامبەر پیرۆزی کەسایەتییەکان نیشاندا و ڕایگەیاند کە لای ئەو، هەڵوێست بەرامبەر بە گەلی کورد تەنها پێوەرە. 

وتی'' هەرکەس دژی میلەتەکەم بێت، ئەگەر هەموو قورئانیشی لەبەر بێت و بەرماڵی بەسەر ئاوەوە بگەڕێت، لای ئێمە جێگەی زبڵدانە." جەختیشی کردەوە کە ئەم پێوەرە بۆ سەرکردە ئیسلامییەکان و ڕۆژئاواییەکانیش وەک یەک وایە.




PM:10:29:09/02/2026