هەسەدە: ئەگەر گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵنەگیرێت ڕێککەوتنەکە شکست دەهێنێت

 بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، پابەندیی هێزەکانیانی بە ڕێککەوتنی ئەمدواییەی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق دوپاتکردەوە، بەڵام هۆشداری دا کە بەردەوامیی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی تەواوەتی ڕێککەوتنەکە. 

فەرهاد شامی، ئاماژەی بەوە کرد کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەردەوامن لە هەوڵە ئیستفزازییەکانیان بۆ ئەوەی ڕێگری لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە بکەن و دۆخەکە تێکبدەن.

لە چاوپێكەوتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ئاشکرای کرد، شاندەکانی حکومەتی دیمەشق لە سەرەتای گفتوگۆکاندا پێداگرییان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هێزەکانی هەسەدە دەکرد، بەڵام لە سایەی خۆڕاگری و قوربانیدانی شەڕڤانان، توانرا ڕێککەوتنێکی چەند بڕگەیی بێتە ئاراوە کە پارێزگاری لە ناوی کورد و ڕۆژاڤا دەکات. 

جەختی کردەوە کە ئەوان وەک هەسەدە بڕیاریانداوە پابەند بن بە ڕێککەوتنەکە تا ئەو کاتەی هەموو بڕگەکان وەک خۆیان جێبەجێ دەکرێن، بەو مەرجەی لایەنی بەرامبەریش پابەندییەکانی جێبەجێ بکات.

سەبارەت بە پێگەی هێزەکان و بەشدارییان لە دامەزراوەکاندا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕوونی کردەوە، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یه‌په‌ژه‌) سیما و تایبەتمەندی خۆیان دەپارێزن و ژمارەیەک لە فەرماندە ژنەکانیش بۆ سەرکردایەتیکردنی لیوا سەربازییەکان دەستنیشان دەکرێن. 

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هەسەدە ناوی کاندیدەکانی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستە حکومییەکان پێشکەش کردووە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ تێکەڵبوونەوەی سیاسی و کارگێڕی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا.




PM:11:30:09/02/2026