هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ستایشی قوربانییەکانی هەسەدە دەکات

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ستایشی قوربانییەکانی هەسەدە دەکات و سوپاسی حکومەتی عێراق دەکات بۆ سەرکردایەتیکردنی بەردەوامی هەڵمەتەکانی دژ بە داعش.

هاوپەیمانییەکە سێشەممە ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، لە ڕاگەیەندراوێکدا، جەخت لەوە دەکاتەوە، گەڕاندنەوەی خێرای خێزانە دەستگیرکراوەکانی ناو کەمپەکان بۆ وڵاتەکانی خۆیان لە ئەولەویەتە هەرە لەپێشینەکانی کارەکانیان دەبێت.

لە هەنگاوێکی نوێدا هاوپەیمانییەکە پێشوازییەکی گەرم لە ڕێککەوتنی گشتگیری نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، هەروەها جەخت لە بەردەوامی هەماهەنگییە سەربازی و ئەمنییەکان لەگەڵ هەر دوو پایتەخت، دیمەشق و بەغدا، دەکاتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی یەکجاریی شانە و مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکەدا.

بە فەرمی ڕاگەیەندرا، سوریا وەک نەوەدەمیین ئەندام دەچێتە ناو ڕیزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شکستپێهێنانی داعش و لەمەودوا بە شێوەیەکی نزیکتر لەگەڵ حکومەتی سوریا کار دەکرێت، لەو چوارچێوەیەشدا داوا لە وڵاتانی ئەندام کراوە کە پشتیوانی ڕاستەوخۆ پێشکەشی هەوڵەکانی سوریا و عێراق بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

لە کۆتاییدا هاوپەیمانییەکە پێشوازی لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی گرتووخانەکان و کەمپەکانی ئاوارەکان لەلایەن حکومەتی سوریاوە دەکات کە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیانی تێدا نیشتەجێ کراوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری دۆسیە ئەمنییەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە ئازادکراوەکان هەژمار دەکرێت.




AM:10:57:10/02/2026