مەسرور بارزانی لە ڕێگەی "ئی-پسوڵە" داشکاندن بۆ پارەی کارەبا دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێشەممە ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، پڕۆژەی "ئی-پسوڵە"ی وەک دەستکەوتێکی گرنگ و بەشێک لە چاکسازییەکانی کابینەکەی ڕاگەیاند. 

مەسرور بارزانی، دەڵێت'' ئەم پڕۆژەیە ئامانجی سەرەکی گۆڕینی سیستمی نەریتییە بۆ سیستمی دیجیتاڵی، بەجۆرێک کە هاوڵاتیان بتوانن بە ئاسانی و بەبێ بەکارهێنانی پارەی کاش، مامەڵە داراییەکانیان لەگەڵ حکومەت ئەنجام بدەن.''

سیستمی نوێی "ئی-پسوڵە" زامنی شەفافییەتێکی تەواو دەکات لە پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات و خەرجییەکاندا، حکومەت بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ کۆمپانیای پسپۆڕدا کار دەکات تا چاودێری وردی کۆکردنەوەی داهاتەکان بکەن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی متمانەی نێوان هاوڵاتی و دامەزراوە داراییەکان و ڕێگریکردن لە هەر ناڕوونییەک لە داهاتە گشتییەکاندا دەبینرێت.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پڕۆژەیە درێژکراوەی "هەژماری من"ە و بوون بە خاوەنی هەژماری بانکی، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ سوودمەندبوون لەم خزمەتگوزارییە. 

وەک هاندانێک بۆ بەکارهێنانی ئەم سیستمە نوێیە، بڕیاردراوە لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ، هەر هاوڵاتییەک لە ڕێگەی "ئی-پسوڵە"وە پارەی کارەبا بدات، داشکاندنی (٢٠٪)ی بۆ بکرێت. ئەم دەرفەتە بۆ ئاسانکارییە لەسەر شانی هاوڵاتیان تا بتوانن بە تێچوویەکی کەمتر و لە ماوەیەکی خێراتردا ئەرکە داراییەکانیان جێبەجێ بکەن.

سەبارەت بە دەنگۆی گرانبوونی نرخی کارەبا، مەسرور بارزانی جەختی کردەوە کە حکومەت مافی دەستکاریکردنی نرخەکەی نییە و گۆڕانکاری لە بڕی پارەکەدا تەنها پەیوەستە بە بڕی بەکارهێنان و ماوەی پسوڵەکان کە هەندێک جار ٤٥ ڕۆژ بووە. 

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا نزیکەی ٨٠٪ی خەڵک خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرین و تا هاوینی ئەمساڵ تەواوی هەرێم دەبێتە خاوەن کارەبای بەردەوام.

پڕۆژەی "ئی-پسوڵە" خزمەتگوزارییەکی ٢٤ کاتژمێرییە و لە ڕێگەی دوو بانک و سێ جزدانی ئەلیکترۆنییەوە کار دەکات. گرنگی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە کە نەک تەنها لە ناوخۆ، بەڵکو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە پەسەندکراوە، ئەمەش متمانەیەکی نێودەوڵەتی بە سیستمە داراییە نوێیەکەی هەرێمی کوردستان دەبەخشێت.





PM:12:34:10/02/2026