وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە لێدوانێکدا باسی گەمارۆکانی سەر کۆبانێ و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا دەکات و دەڵێت "بەردەوامیی گەمارۆکە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتننامەیەی مانگی رابردوو لە نێوان هەردوولادا واژۆ کرا".
سێ شەممە، ١٠ شوبات ٢٠٢٦، فەرهاد شامی، وتەبێژی هەسەدە ڕایگەیاند "حکومەتی سوریا نیازی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هێزە کوردییەکانی هەبوو، ئامانج لەو هەوڵە بێپارێزگارکردنی گەلی کورد بوو لە رۆژئاوای کوردستان، ڕێککەوتننامەی ئێستا هێزی کوردی وەک پارێزەری ناوچەکە هێشتەوە، ئەو دەستکەوتە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەلە".
وتەبێژەکەی هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە پابەندی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێکەوتنامەکەن"هەندێک گروپی نزیک لە دیمەشق کار بۆ تێکدانی رێککەوتنەکە دەکەن، ئێمە پابەندین بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکان ناو ڕێککەوتنەکە، بەڵام داوای هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان دەکەین".
٣٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ ڕێککەوتنی نوێ لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی سوریا و لە ٢ ئەم مانگەوە بەشێوەیەکی گشتگیر چوە بواری جێبەجێکردنەوە.