دارایی عێراق بۆ هەرێم: ناتوانین پارەی زیاتر بنێرین

وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەسەر بنەمای یاسایی (١/١٢) پارە رەوانەی هەرێم كراوە و ناتوانین پارەی زیادە بنێرین و دەشڵێت" لە کاتی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ ئەو پارانە خەرج دەکرێن".

وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستاندا ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند" رێکارەکانی پارەدان بەگوێرەی ئەو چوارچێوە یاسایی و داراییانەی لە دەوڵەتی عێراقدا کارپێکراون ئەنجام دراون".

دەشڵێت" ئەو پارانە بەپێی فەرمانی خەرجکردنی پەسەندکراوی یاسایی (١/١٢) دەدرێن کە خەرجکردنی پارە بۆ فەرمانبەران و خانەنشینانی تۆمارکراو و لە ئێستادا لە لیستی مووچەی پەسەندکراوی وەزارەتدا هاتووە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە" هەر بڕە پارەیەکی زیادە یان جیاوازی ناتوانرێت بەپێی میکانیزمی خەرجکردنی ئێستا خەرج بکرێت، چونکە پێویستی بە مۆڵەتی یاسایی و تەرخانکردنی دارایی تایبەت هەیە".

جەختیشی كردۆتەوە، ئەم پارانە بەپێی رێکارە دامەزراوەییەکان لە کاتی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ خەرج دەکرێن.

 ئەمە لە کارێکدایە کە هەر ئەمشەو لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە کە بەغدا پارەی مووچەی مانگی یەکی بە کورتهێنانەوە خستووەتەسەر هەژماری بانکی دارایی.




PM:09:47:10/02/2026