بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، دوای کشانەوەی هێزەکانی (هەسەدە) لە هێڵی بەرکەوتن لە حەسەکە، ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای سوریاش کشانەوە.
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سوریا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە " هێزەکانمان وەک جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەت و هەسەدە ، ئەمڕۆ سێشەممە لە دەوروبەری حەسەکە دەستیان بە کشانەوە کرد".
بە گوێرەی رێکەوتنەکە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەو ناوچانە بڵاوەیان پێکراوە کە سوپا لێی کشاوەتەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە " هەسەدە پابەندە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ سوپا و هەنگاوی ئەرێنی دەنێت".
ئاشکراشی دەکەن کە چاودێری و هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ دیاریکردنی هەنگاوی داهاتوو.
رێککەوتنەکە ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:
- کشانەوەی هێزە چەکدارەکان لە ناوچە نیشتەجێبووە سڤیلەکان بۆ خاڵە سەربازییە دیاریکراوەکان.
- کردنەوەی رێگە گشتییەکان بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان.
- هاوکاریی هاوبەش بۆ پاککردنەوەی ناوچەکان لە مین و تەقەمەنی.
- لابردنی بەربەستە خۆڵین و کۆنکرێتییەکان.
- خێراکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی شەڕڤانان لەنێو دامەزراوەی سەربازیی سووریادا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆش هێزەکانی هەسەدە لە حەسەکە کشانەوە.