ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم سەبارەت بە ژمارەیەک تەوەر کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەربارەی پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵی بە ئەنجامی سەرژمێری، بە یەکخستن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق و پارەی بەشەخۆراک کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی شوباتی ٢٠٢٦ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، کۆدەبێتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتییە لە بابەتی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق کە لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجام درا و بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی فەرمیی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بەفەرمی بە ڕێژەی ١٤.١% دەستنیشان کرا، بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵی بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە بۆ مەبەستی دەستنیشانکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، ئەمە سەرەڕای جەختکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی پێشوەختەی نێوان هەردوو حکومەت بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ.

ڕوونیشکردەوە کە تەوەری دووەمی کۆبوونەکە تایبەتە بە پەسەندکردنی کۆنووسی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق لە ڕێکەوتی ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ کە لەنێوان هەردوولا ئیمزاکرا لەبەر ڕۆشنایی ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (٥٤٢٣ ) لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ تایبەت بە یەکخستن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ دەزگای ناوبراو پشتبەست بە ماددەی (١٣٢ )ی دەستوور و یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی ٢٠٢٥ .

لە تەوەری سێیەمدا بڕیاردان لەسەر پێشنیازی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی تایبەت بە پارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵییەوە دابین دەکرێت، لە چوارچێوەی خەرجیی (النفقات الحاکمە) و چارەسەرکردنی پارەی کەڵەکەبووی پێشوو بۆ ساڵانی (٢٠٠٤-٢٠٢٢) گفتوگۆ دەکرێت.



AM:09:23:11/02/2026