ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە و پرسی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی کابینەی نوێ یەکلایی دەکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە،١١ی شوبات پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام کۆدەبنەوە و سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی کابینەی نوێ تاووتوێ دەکەن.
پێشتر ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندبوو" شاندێکی باڵای یەكێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کۆدەبنەوە".
ئەشواق جاف، باسی لەوەشکردبوو، کۆبوونەوەکە یەکلایی کەرەوە دەبێت، واتە ئەگەر رێککەوتن بکرێت، بە یەک کاندیدی هاوبەش بەشداری دانیشتنی پەرلەمان دەکەن، ئەگەریش نا، بە دوو کاندیدی جیاواز دەچنە ناو کۆبوونەوەکە.
هاوکات هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاندبوو" کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارە و ئەگەر هەردوولا رێکبکەون، ئەوا رۆژی پێنجشەممە ١٢ی شوبات، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆدەبێتەوە".