بەڕێوەبەرایەتی شارۆچکەی خورماڵ ئاشکرای دەکات کە لە ئەمڕۆوە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی حکومەتی عێراق دەستپێدەکات کە ١٠٠ لیتر بە ٣١ هەزار دینارە و بە کارتی زیرەک دابەش دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی شارۆچکەی خورماڵ، پڕۆسەی دابەشکردنەکە لە ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٦وە دەستپێدەکات، پڕۆسەکە لە قۆناغی یەکەمدا گوندەکانی سنوورەکە دەگرێتەوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا دابەشکردنەکە دەگاتە ناوەندی شارەکەش.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان کە لە ماوەیەکی کەمدا سەرجەم خێزانەکان سوودمەند دەبن.
بڕی ئەو نەوتەی دابەش دەکرێت بریتییە لە ١٠٠ لیتر، لە بەرامبەر بڕی ٣١ هەزار دینار لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت و بە کارتی زیرەکی نەوت دابەش دەکرێت.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی شارۆچکەی خورماڵ داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ ئەوەی پڕۆسەی دابەشکردنەکە بە شێوەیەکی شارستانی و خێرا بەڕێوەبچێت، پێشوەختە بەرمیلەکانیان لە کۆڵانەکاندا ئامادە بکەن و پابەندی ڕێنماییەکانی تیمی دابەشکردن بن.