پاش ئەوەی نوسەرو مامۆستا، عەتا قەرەداخی نامەیەكی كراوەی بۆ مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی بڵاوكردەوە، سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلا بەختیار وەڵامی عەتا قەرەداخی دەداتەوە.
لە نوسراوێكدا بە ناوی (وەڵامێكی هێمن بۆ نامەیەكی تفتو تاڵی كاك عەتا قەراخی) كە وێنەیەكی بۆ سپی میدیا نێردراوە، سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەنوسێت عەتا قەرەداخی "بەبێ بینینی ئامانجەكەی، تیری لە كەوانەكەی بەرەڵا كردوەو، خۆی وتەنی ئەگەرچی نەیویستوە قسە لەسەر دۆخی یەكێتی بكات، بەڵام نازانین چی بوە، ناچار بوە قسە بكات".
دەقی نامەکەی عەتا قەرەداخی بخوێنەرەوە
دەقی وەڵامەكەی سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلا بەختیار بخوێنەرەوە:
وەڵامێكی هێمن بۆ نامەیەكی تفتو تاڵی كاك عەتا قەراخی
سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلا بەختیار
كاك عەتا قەراخی، هەم لە دیواری خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبوك، هەم لە سایتی سپی میدیا، نامەیەكی ئاراستەی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كردوە. كە بەبێ بینینی ئامانجەكەی، تیری لە كەوانەكەی بەرەڵا كردوەو ، خۆی وتەنی ئەگەرچی نەیویستوە قسە لەسەر دۆخی یەكێتی بكات، بەڵام نازانین چی بوە، ناچار بوە قسە بكات.
كاك عەتا لە نامە برایانەكەیدا، ئاماژە بەوە دەكات كە مەلا بەختیار وەك سكرتێری یەكێتی قسە دەكاتو لەسەر هەموو بوارێكیش قسەی هەیە، دەكرێت ئەم وەڵامەمان لێ وەربگرێت:
مەلا بەختیار، تاكە كەسە كە پۆستی ( سكرتێری گشتی) لەدوای مام جەلال قبوڵ نیەو هەمیشەش وتویەتیو لە دوایین چاوپێكەوتنیشی لەگەڵ سایتی نیقاش بە راشكاوی وتویەتی بۆچونی خۆی وایە كە پۆستی سكرتێری گشتی لە دوای مام جەلال پێویستە نەمێنێت.
نەك هەر ئەوەش، رۆژانێك كە لەناو یەكێتیدا داوای جێگرتنەوەی پۆستی سكرتێریو بون بە سكرتێری گشتی كرا، مەلا بەختیار رەتی ئەوەی كردەوەو قبوڵی نەبوو.
لەبارەی ئەوەش كە لەسەر بوارە جیاجیاكان قسە دەكات، پێمان خۆشە كاك عەتا خۆی وەڵامی خۆی بداتەوە، تۆ یان كێیەكی تر لەم بوارانەی وەك دیموكراسیو فیكرو .. هتد، چ باجێكتان وەك مەلا بەختیار داوە؟ كامتان توانیوتانە مەترسیەكان لەسەر خۆتان فەرامۆش بكەنو لە پێناوی ئەو ئامانجە باڵایە كاربكەن؟ ئەگەرچی دیموكراسیو خەمی پرۆسەی دیموكراسیو روبەرو بونەوەی دوژمنانی دیموكراسی، پشكێكی زۆری لەسەر ئەستۆی روناكبیرانە، بەرێزتان كەیو چۆن توانیوتانە چمكێكی ئەو ئەركە وەك مەلا بەختیار لە ئەستۆ بگرن؟.
لەبەشێكی تری نوسینەكەیدا، بەرێزیان باسی دیموكراسی دەكاتو ئەوەشی بە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیەوە لە سلێمانی بەستۆتەوە:
بەراستی سەیرە بەرێز عەتا قەراخی كە خۆی بە نوسەرو روناكبیر دەزانێت، دیموكراسی بە تەنیا لە هەڵبژاردنو ئەنجامی هەڵبژاردن كورت بكاتەوەو كۆی هەموو لایەنەكانی تری دیموكراسی فەرامۆش بكات كە بەدڵنیایی خۆی لێ بواردوە.
بەشی كۆتایی نوسینەكەی كاك عەتا، بەداخەوە نەك لۆژیكو راستی تیادا نیە، بگرە جۆرێكە لە قاوەگرتنەوەو رمڵ لێدان، كە پێمان سەیرە هیچ كەسێك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە رەسمی یان نارەسمی باسی لە بەكانتۆن كردنی شنگال نەكردوە، كەچی ئەیكات بە ماڵ بەسەر یەكێتیەوە.
كۆتایی وەڵامەكەش، بۆ بەڕێزیان پێویستە بڵێین: راستە مام جەلال وەك جاران لەناو یەكێتی نەماوە، بەڵام ویژدانی مام جەلال، رێبازی مام جەلال، سیاسەتو حیكمەتی مام جەلال بۆ ئایندەی دوریش بەسەر یەكێتیەكانەوەیەو رێنیشاندەرن بۆ بەدیهێنانی هەموو ئامانجە نەتەوەییەكانو هەرگیزاو هەرگیزیش مەلا بەختیار نەیتوانیوە بەو لۆژیكە سیاسەتو قسە بكات، پێشمان سەمەرەیە بەڕێز كاك عەتا قەراخی لەناو هەموو ئەو غەدرو هەڵانەی كراوە، دێت باسی مەلا بەختیار دەكات كە لە سەردەمی خەباتی شاخ یەكێتی دەستگیر كردوە، ئایا بۆچی جەنابیان كە تا قەەڵەمەكەی بەكاردێنێت، نایەت باسی دوو برای خۆی بكات كە چۆن ساڵی 1986 بەدوای تراكتۆر راكێشران؟؟
بۆچی لەدوای راپەرینەوە بە نوسینێك، وتارێك، سكالایەكی یاسایی باسی لەو غەدرە نەكرد كە لە خۆی كراوە، یان ئەوەتا كاك عەتا خۆی لە گرێیەكو ترسێكی دەرونی گەورەدایەو دەیەوێت ئەم گرێیە بە باسی خەڵكی دی بكاتەوە؟؟؟