هەفتەی رابردوو هەواڵی کوژرانی ئەو گەنجەی دەڤەری برادۆست بڵاوکرایەوە کە پەیوەندی بەریزەکانی سوپای روسیاوە کردبوو، ئەمڕۆ راگەیەندرا کە پەیوەندی بە ماڵی باوکیەوە کردۆتەوە.
وەهاب خدر، باوکی مەتین، رۆژی چوار شەممە هەواڵەکەی بۆ میدیاکان پشتڕاستکردەوە و بە خۆشحاڵییەوە ڕایگەیاند: "شەوی ڕابردوو مەتین خۆی پەیوەندی پێوەکردم، بە گوێی خۆم گوێم لە دەنگی بوو و سوپاس بۆ خوا سەلامەتە."
مەتین وەهاب تەمەن ٢٢ ساڵان هەفتەی ڕابردوو تەواوی خزم و کەسوکارەکەی لە پرسەکەیدا بۆی دەگریان، بەڵام شەوی ڕابردوو بە دەنگی خۆی کۆتایی بە فرمێسکەکانیان هێنا و پەیوەندی کردۆتەوە بە باوکیەوە.
مەتین وەهاب، گەنجێکی خەڵکی دەڤەری برادۆستە ماوەی شەش مانگە چووەتە ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا، دوای ئەوەی بە فەرمی هەواڵی کوژرانی بە خێزانەکەی گەیشت و پرسەی بۆ دانرا، دەرکەوت لە ژیاندا ماوە و پەیوەندی بە باوکییەوە کردووە.
چیرۆکەکە کاتێک ئاڵۆز بوو کە پێشتر لایەنە فەرمییەکان بە "بەڵگە و دۆکیۆمێنتەوە" مەرگی ئەو گەنجەیان بۆ خێزانەکەی پشتڕاست کردبووەوە.
لەوبارەیەوە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وردەکاریی هەڵە گەورەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا، بە بەڵگەی فەرمی ئاگادارکراونەتەوە کە مەتین کوژراوە، تەنانەت ڕاپۆرتی پزیشکی و سەربازیی کوژرانیشیان بەدەستگەیشتووە، هەر بۆیە خێزانەکەیان ئاگادار کردووەتەوە و دەستیان بە ڕێکارەکانی هێنانەوەی تەرمەکەی کردبوو.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی هەڵەکە بۆ ئێمە و بنەماڵەکەشی مایەی خۆشحاڵییە، بەڵام دەرکەوت زانیارییە فەرمییەکان هەڵە بوون. ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت بە دۆکیۆمێنتی نوێ و فەرمی، "زیندووبوون"ی مەتین بسەلمێنن و ڕاستکردنەوە بۆ دۆسیەکەی بکرێت.