هەرێم داوا دەکات ١٤.١٪ بکرێنە بنەمای بۆ بودجەی هەرێم


" دەستکاریکردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق، لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە رەتدەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر"، ئەمڕۆ چوار شەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم جەخت لەسەر ئەم پرسە کراوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ـی شوبات ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە بارەی ژمارەی هاوڵاتیانی هەرێم و پشک و شایستە داراییەکانی و مافی زیندانیانی سیاسی هەرێم کۆبووەوە .

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، دارا رەشید وەزیری پلاندانان، راپۆرتێکی لەسەر سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق خستە روو کە مانگی 11ـی ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجامدرا و بە گوێرەی راگەیەندراوی فەرمی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بە ١٤،١% دەستنیشان کرا.

سەرژمێرییەکە، پێشوەختە لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی  وەزیرانی فیدراڵ پەسەند کرا و حکوومەتی فیدراڵ پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامە و بڕیارەکانی خودی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، کە بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە و پێچەوانەی رێكکەوتنی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ، رەفتاری کردووە لەگەڵ دەرئەنجامی فەرمی سەرژمێرییەکە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە رێکاری بە پەلە هەیە بۆ راستکردنەوەی.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەستکاریکردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە رەت دەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر بۆ راستکردنەوەی هەڵە و دەستکاریکردنەکان، داواش لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە رێککەوتنە هاوبەشەکان و ئەنجامی فەرمی راگەیەنراوی سەرژمێرییەکە، کە رێژەی هەرێمی کوردستان ١٤،١%ـە .

لە هەمان کاتدا، ئەنجوومەنی  وەزیران داوا لە سەرۆکایەتیی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی  نوێنەرانی عێراق دەکات، وەک ئەرکێکی دەستووریی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان، بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و رێگە نەدەن دەستکاریی ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە بکرێت. 

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پەسەندکردنی کۆنووسی لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق کرا، کە تایبەتە بە یەکخستنی ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانییان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی  وەزیران پشتگیریی لەهەر هەنگاوێک دەکات بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری زیندانییان و تاگیراوانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و سوودمەندبوونیان لە هەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.




PM:06:26:11/02/2026