شاندی ئیمراڵی و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەبارەی "پرۆسەی ئاشتی" کۆبونەوە.
چوار شەممە، ١١ شوبات ٢٠٢٦، هەریەک لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی و دەم پارتی لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت و ئەفکان ئاڵا، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکەپە کۆبونەوە بۆ تاوتوێکردنی قۆناغی ئێستای "پرۆسەی ئاشتی" لە تورکیادا.
کۆبونەوەکە کاتژمێرێکی خایاندوە و داخراو بوە بەڕووی میدیاکاندا.
بەر لە کۆبونەوەکە پەروین بوڵدان بە میدیاکانی ڕاگەیاند "کۆمیسیۆنی پەرلەمان چووەتە قۆناغی نووسینەوەی راپۆرت و لەنێو رای گشتیدا چاوەڕوانییەکی گەورە هەیە، لە رۆژەڤی ئێمەدا ٤ بۆ ٥ بابەتی سەرەکیی هەن، دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی نووسراو بڵاودەکەینەوە".
٣٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، شاندی ئیمراڵی و سەرۆکی تورکیا کۆببووەوە، و لە رۆژی ١٧کانوونی دووەم ٢٠٢٦، سەردانی دوورگەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبونەتەوە.