پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، راگەیەندراوێکیان دەربارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بڵاوکردەوە و ئاشکرای دەکەن کە " هەردوولا جەختیان لەسەر ئیرادەی هاوبەش بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی جدی کردوەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆک کۆمار ئەردۆغان دەربارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە و کاریگەریی ئەو روداوانە لەسەر تورکیا و " پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" گفتوگۆیان کردووە. هەردوولا جەختیان لەسەر ئیرادەی هاوبەش بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی جدی کردوەتەوە".
لە دیدارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە پەرلەمانی تورکیا، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوە گشتییەکان، هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە تا هەنگاوی کردارەکی و متمانەبەخش بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە بنرێت. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت راپۆرتی لیژنەی نیشتمانی بۆ برایەتی و دیموکراسی بە شێوەیەکی گشتگیر ئامادە بکرێت، تا ببێتە بونیاتێکی بەهێز بۆ دیموکراسی و ئازادییەکان.
شاندەکەی دەم پارتی رایانگەیاندووە" زۆر گرنگە بەبێ دواکەوتن و لە رێگەی فراوانترین کۆدەنگییەوە، بونیاتێکی یاسایی دابڕێژرێت کە هەموو پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگە بگرێتەوە و ببێتە بنەما بۆ ئاییندەی دیموکراسی لە تورکیادا".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار ئومێدیان خواستوە کە ئەم دیدارە لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەدا، ببێتە هۆکارێک بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلانی تورکیا و ناوچەکە و سوپاسی سەرۆک کۆماریان کردوە بۆ پێشوازیکردن لێیان.