وەزارەتی دارایی: شەممە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرە نوێیەکان دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری نوێی دەربارەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و ئەو فەرمانبەرانە ڕاگەیاند کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت.

هەرچەندە پێشتر بڕیار وابوو ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش بکرێت، بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوێی وەزارەتی دارایی، پڕۆسەکە پێش خراوە و ڕۆژی شەممە (١٤ـی شوباتی ٢٠٢٦) مووچەی ئەم توێژانەی خوارەوە دابەش دەکرێت:

١- مامۆستایانی گرێبەست: مووچەی مانگی کانوونی دووەم (مانگی ١)ی مامۆستایانی گرێبەست لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

٢- فەرمانبەرانی نوێ (هەمیشەیی و گرێبەست): سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی لە دوای ڕێکەوتی ١ـی تەممووزی ٢٠٢٤ بە شێوەی گرێبەست یان هەمیشەیی دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەت، سەرجەم بنکەکانی وەرگرتنی مووچە و بانکەکان ئاگادارکراونەتەوە کە ڕۆژی شەممە ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەبێ گرفت بەڕێوە بچێت.




PM:05:42:12/02/2026