ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەوروپا لە کۆبونەوەیاندا نیگەرانی خۆیان بەرامبەر دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربڕی و تیایدا ئاماژەیان بە هێڕشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع بۆ ئەو ناوچانە کرد کە لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوون و ئێستا دۆخی "سەختی مرۆیی و ئەمنی دروستکردوە".
پێنج شەممە، ١٢ شوبات ٢٠٢٥، لە پەرلەمانی ئەوروپا ئاماژە بەوە کرا بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، سەدان هەزار کەس لە کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەش بوون، پەرلەمانی ئەورووپا بە توندی سەرکۆنەی ئەو پێشێلکارییانەی کرد کە وەک کوشتنی دەرەوەی یاسا و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لەلایەن حکومەتی کاتی و گرووپە چەکدراەکانەوە ئەنجام دراون، داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفافی لەمبارەیەوە کرد.
پەرلەمانی ئەوروپا داوای جێبەجێکردنی ئەم سێ خاڵە دەکات:
١- سەقامگیری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا( رۆژئاوای کوردستان) بۆ گواستنەوەی سیاسی دادپەروەرانە و گشتگیر زۆر گرنگە.
٢- پاراستنی هەمەجۆریی نەتەوەیی و ئایینی سوریا، لەوانەش مافە تەواوەکانی کورد.
٣- پێویستە یەکێتی ئەوروپا و هاوبەشەکانی هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە هەر سەرهەڵدانەوەی داعش چڕتر بکەنەوە.
ئەم کۆبونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا دوای ئەوە دێت کە دوێنێ، ١١ شوبات، پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر هەمان پرس کۆبۆوە و لە هەمان کاتدا لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکاش کۆبونەوەی تایبەت بە پرسی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا.