پارێزگاری هەولێر: هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان

‌ئەرشیف، ئومێد خۆشناو-پارێزگار و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی هەولێر

پارێزگار و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی هەولێر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت و ئەو خۆپیشاندانەی هەینی ڕابردوو بە پاساوی "بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی ئاینی ئیسلام" ئەنجامدرا. 

پێنج شەممە، ١٢ شوبات ٢٠٢٦، ئومێد خۆشناو، پارێزگار و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی هەولێر ڕایگەیاند "خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت بەپێی یاسا و رێنماییەکان رێگەپێدراو نییە و بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، هەر کەس و لایەنێکیش بەبێ مۆڵەت خۆپیشاندان بکات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێکاری پێویستی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر".

لە بارەی خۆپیشاندانەیکەی هەینی ڕابردوو لەبەردەم قەڵای هەولێر، ئومێد خۆشناو وتویەتی "دوای ئەوەی مێرمنداڵێک لەکاتی خۆپیشاندانی پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان هۆنراوەیەکی خوێندەوە کە هی خۆی نەبوو، دواتر خۆی و خێزانەکەشی کە موسڵمانن چەندینجار داوای لێبووردنیان کرد، بەڵام کەسانێک ئەو کارەیان قۆستەوە و بەبێ مۆڵەت لەنێو سەنتەری شاردا خۆپیشاندانیان کرد".

سەبارەت بە ئەو بانگەوازانەی ماوەیەکە لەلایەن "چەند کەسێکی تووندڕۆوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی دووبارە لە هەولێر دەکرێن"، پارێزگاری هەولێر دەڵێت "هیچ هۆکارێک نییە ئەو کەسانە خۆپیشاندانی بۆ بکەن، ئێمە هێزە ئەمنییەکان، ئاسایش و پۆلیسمان دەستکراوە کردووە ئیجرائاتی تووند بەرامبەر هەر کەسێک بکەن کە ئەو کارە بکات".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کردوە، خۆپیشاندان، گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین رێکاری یاسایی خۆی هەیە و بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە هەولێر رێگا بە هیچ خۆپیشاندانێک نادرێت.




PM:10:41:12/02/2026