ئەمڕۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە بەشداری کورد بەڕێوە دەچێت


لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی ٥٠ سەرۆکی وڵات و سەرۆک وەزیران و نزیکەی ١٠٠ وەزیری دەرەوە و بەرگری، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەڕێوە دەچێت.

هەینی، ١٣ شوبات ٢٠٢٦، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ژێر ناوی "داهاتووی ئاسایش لە کاتی گۆڕانکارییە گەورەکاندا" لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە هەرێمی کوردستانەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە عێراقیش فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە بەشداریی دەکەن.

وە شەوی ڕابردوو لە لایەن سەرچاوەیەک لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە پشتڕاست کرایەوە کە هەریەک  لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەڕێوبەری پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆسەر گەیشتونەتە ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە.

بە پێی هەواڵێکی کەناڵی رووداو لە زاری سەرچاوەکان لە واشنتۆن و رۆژائاواوە بڵاویكردووەتەوە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن و بانگهێشتنامەی جیاوازیان پێگەیشتووەو بڕیارە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا کۆبنەوە.

لەکۆنفرانسەکەدا گفتوگۆدەکرێت لەبارەی، جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی ئەورووپا، پەرەسەندنەکانی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخی غەززە، ئاسایشی وزە، داهاتووی تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرد دەکرێت.

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ١٣-١٥ی شوباتی ٢٠٢٦ لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، یەکێکە لە کۆڕبەندە پێشەنگەکانی جیهان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی گفتوگۆ لەنێوان سەرکردە باڵاکان و بڕیاردەرەکان لەسەر بابەتەکانی وەک ئاسایشی نێودەوڵەتی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاڵنگاری جیۆپۆلەتیکی و سەقامگیری جیهانی.




AM:09:34:13/02/2026