دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە لە بارەی دەستگیرکردنی تۆمەتباری کوشتنی ژنێک لە سلێمانی و دەڵێت "بەیانی ئەمڕۆ تۆمەتباری بکوژ و دوو هاوکارەکەی دەستگیرکران".
هەینی، ١٣ شوبات ٢٠٢٦، دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند "لەسەر ئەم ڕووداوە دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوونی دەستپێکرد بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری بکوژ، لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت تۆمەتبار بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە تاوانەکەی ئەنجامداوە و هەوڵیداوە لەڕێگەی برایەک و زاوایەکی هەڵبێت بۆ دەرەوەی هەرێم".
لە بارەی چۆنیەتی دەستگیرکرانی تۆمەتبارەکەوە دەزگای ئاسایش وتویەتی "دوای چاودێری وورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتبار بەیانی ئەمڕۆ تۆمەتباری بکوژ و دوو هاوکارەکەی دەستگیرکران".
"لەئێستادا تۆمەتباری بکوژ بەماددەی ٤٠٦ لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و هەروەها هەردوو تۆمەتباری هاوکاری پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە"، دەزگای ئاسایش وا دەڵێت.
دوێنێ، ١٢ شوبات ٢٠٢٦، ژنێک لە سلێمانی بە ٤ فیشەک کوژرا.