عەتا محەمەد: داوای لێبوردن دەکەم جان دۆستم پێناساندن

‌جان دۆست

عەتا محەمەد، وەرگێر و چیرۆک نوسی ناوداری باشوری کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی هەڵوێستی نوسەری ڕۆژئاوای کوردستان، جان دۆست کە لە کاتی هێرش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە پێشەنگای کتێبی دیمەشق بەشداریکردووە، دەڵێت " داوای لێ بووردن لە خوێنەران پەشیمانم لە ناساندنی جان دۆست بە خوێنەرانی سۆرانیی زمان دوای رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان و هێرشی گروپە تووندڕەوەکان بۆ سەر هاوڵاتیانی کورد".

هەینی، ١٣ شوبات ٢٠٢٦، عەتا محەمەد، چیرۆک نووس ڕایگەیاند" لەم دۆخەدا دەکرێت مرۆڤێک دژ بە سیاسەت و ئایدۆلۆژیای پە.کە.کە، یاخود یەپەگە و یەپەژە بێت و لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا نەبێت کە لە رۆژئاوا پیادە کرا. بۆ من ئەمە دۆخێکی ئاسایی و مافی هەر کەسێکیشە، کە لەگەڵ پارتێکی سیاسیدا نەبێت، بەڵام هیچ پاساوێکی ئەخلاقی نییە بۆ ئەوەی کاتێک کورد لەبەردەم کۆمەڵکوژیدایە، نووسەرێکی وەک جان دۆست بە شانازییەوە پۆست دابنێت و رایبگەیەنێت بەشدار دەبێت لە پێشانگای کتێبی نێودەوڵەتیی دیمەشقدا، کە ئەحمەد جۆلانیی وتاری کردنەوەکەی دەخوێنێتەوە".

دەقی ڕاگەیانداروەکەی عەتا محەمەد:

داوای لێ بووردن لە خوێنەران پەشیمانم لە ناساندنی جان دۆست بە خوێنەرانی سۆرانیی زمان دوای رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان و هێرشی گروپە تووندڕەوەکان بۆ سەر هاوڵاتیانی کورد و: دەرکردن، کووشتن و سووکایەتیی کردن تەنانەت بە لاشەی کوژراوانی ژن و پیاو و منداڵی کورد، دۆخێک درووستبوو، کە ئەوەی کەمێک شەرەف و ئەخلاقی هەبوایە بە چوون بۆ رۆژئاوا، خۆپیشاندان لەسەر شەقامەکان، کۆکردنەوەی هاوکاریی، بەشداربوو لە هەڵمەتی پشتگیری لە کوردی رۆژئاوا تا کۆمەڵکوژ نەکرێن.

لەم دۆخەدا دەکرێت مرۆڤێک دژ بە سیاسەت و ئایدۆلۆژیای پە.کە.کە، یاخود یەپەگە و یەپەژە بێت و لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا نەبێت کە لە رۆژئاوا پیادە کرا. بۆ من ئەمە دۆخێکی ئاسایی و مافی هەر کەسێکیشە، کە لەگەڵ پارتێکی سیاسیدا نەبێت، بەڵام هیچ پاساوێکی ئەخلاقی نییە بۆ ئەوەی کاتێک کورد لەبەردەم کۆمەڵکوژیدایە، نووسەرێکی وەک جان دۆست بە شانازییەوە پۆست دابنێت و رایبگەیەنێت بەشدار دەبێت لە پێشانگای کتێبی نێودەوڵەتیی دیمەشقدا، کە ئەحمەد جۆلانیی وتاری کردنەوەکەی دەخوێنێتەوە و بە تەن ئەو کتێبە دینیانەی تیادا بڵاودەکرێتەوە، کە ماف بە کووشتنی کورد دەدات و لە بەشێکی پێشانگاکەشدا توانای سەربازیی سوپای عەرەبیی سوریی نمایش دەکرێت، کە هێشتا خوێنێ کۆمەڵکوژکراوانی کورد بەدەستی ئەو سوپایە وشک نەبۆتەوە و کۆبانیی، کە شاری ئەو نووسەرەیە، لەژێر گەمارۆی ئەو سوپایەدا.

بەشداریی کردن بە شانازییەوە لە پێشانگایەکی وادا و رەوایەتیی دان بە حکومەت و سوپایەکی وەک ئەوەی ئێستای سوریا، هیچ مانایەک هەڵناگرێت جگە لە بوونی قەیرانێکی ئەخلاقیی قوڵی نووسەرانێک، کە تەنها ناوبانگ و کردنەوەی کەناڵی پەیوەندی و بەشداریی کردن لە کۆنگرە و فیستیڤاڵەکانیان بۆ گرنگە و لەپێناو ناوبانگدا دەژین. دەکرێت مرۆڤێک دژ بە سیاسەتی بەڕێوەبەرانی رۆژئاوای کوردستان بێت و سەر بە (ئەنەکەسە) بێت، بەڵام ئەمە هیچ پاساوێک نییە بۆ رەوایەتی دان بە هێزەکانی عەمشات و حەمزات، کە بەشدارن لە داگیرکردنی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوا و کۆمەڵکوژکردنی کورددا. لەکاتێکدا کوردێک لە ئیلام و کرماشان، گەرمیان و هەولێر، لە وان و ئامەد، لەندەن و ستۆکهۆلم و هەر گۆشەیەکی جیهانەوە لەسەر شەقام بێت بۆ رۆژئاوا، بەڵام نووسەرێکی کۆبانێیی شانازیی دەکات بەوەی هێزەکانی عەمشات و حەمزات رێگای پێداوە بەشدار بێت لە پێشانگای کتێبی نێودەوڵەتیی دیمەشقدا.

بۆ تۆ گرنگ نییە لە پیرمام لەگەڵ بارزانیی دابنیشیت یاخود لە دیمەشق لە باوەشی ئەحمەد شەرعدا بیت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە لە بەرپرسانی باڵاوە نزیک بیت. هەربۆیە داوای لێ بووردن لە خوێنەران دەکەم، کە کاتێک رۆمانی میرنامەی جان دۆستم خوێندەوە، هۆکاربووم بۆ وەرگێڕانی بۆ سۆرانی و نووسین لەبارەیەوە و ناوبانگ پەیداکردنی ئەو نووسەرە لای خۆمان، کە دوای ئەوە زۆربەی کارەکانی کران بە سۆرانی و باشوور بە کۆنگرە و کۆڕ و زانکۆکانیەوە بەڕوویدا کرایەوە، (جان دۆست بۆ خۆی ددان بەمەدا دەنێت)، بەڵام کاتێک لەم دۆخەدا دەیبینم بە شانازییەوە بەشدارە لەو پێشانگایەی بە سەرپەرشتیی ئەحمەد جۆلانی و وەزیری رۆشنبیرییەکەی و بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە کوردکوژەکان بەڕێوەدەچێت، داوای لێ بووردن لە خۆم و خوێنەرانی سۆرانیی زمان دەکەم و ددانی پێدا دەنێم هەڵەبووم. ددانی پێدا دەنێم ئەو نووسەری ناوبانگ و بۆنەکانە و لەوپێناوەدا ئەگەر پێویست بکات، ئەوا لەگەڵ جەللاد، لە خوێنی قوربانیدا سەما دەکات.

تۆ دەتوانیت دەرگای دەسەڵاتی ئێستای دیمەشق بە رووتدا بکەیتەوە و بەسەر خوێن و فرمێسکی کورددا باز بدەیت و بچیتە ژێر چەتری عەمشات و حەمزاتەوە، تۆ دەتوانیت شانازیی بکەیت کە لە دیمەشقی ئەحمەد شەرعدایت، بەڵام خۆت وەک نووسەرێک دۆڕاند، چونکە تۆ نووسەری بۆنە و خوان و ناوبانگیت، ئیتر بە هەر رێگایەک بێت.

تێبینی:

١- نووسەر دوو رۆمانی هەیە: (کۆبانێ) و (رێڕەوی ئارام- عەفرین)، بەڵام لە ئێستادا نووسەر شانازیی دەکات بەشدارە لەو بۆنەیەی دیمەشقدا، کە ئەو هێزانە دەیبەن بەڕێوە، کە عەفرینیان داگیرکرد و هەوڵی داگیرکردنی کۆبانێیان دا.

٢- نووسەر پۆستێکی نووسی بوو سەبارەت بە قسەوتن بە قامیشلۆ (لەبەرئەوەی هەسەدە بەڕێوەی دەبات) و کراوە نییە بەڕوویدا، لەبەرامبەردا شانازیی دەکرد، کە دیمەشق دەرگای بە ڕوویدا کردۆتەوە تا کتێبەکانی نمایش بکات، بەڵام دواتر پۆستەکەی سڕییەوە.

٣- نووسەر چەند وردە پۆستێکی بە زمانێکی نزم نووسی بوو لە دژی ئەوانەی رەخنە لەم باوەشکردنەی بە دەسەڵاتی دیمەشقدا دەگرن، وەک هۆشەنگ ئەوسی، بەڵام سڕینییەوە.

٤- لە پۆستێکدا نووسیویەتی: ئەگەر ناکۆکییەکە لەگەڵ دیمەشق بێت، ئەوا چارەسەرییش لە دیمەشقە. پرسیارەکە ئەوەیە: تۆ وەک رۆماننووسێک، پردی بۆ ئەو چارەسەرییە، کاتێک دەچیت بۆ دیمەشق و رەوایەتیی دەدەیت بە دەسەڵاتی عەمشات و حەمزات؟




PM:12:11:13/02/2026