وەزارەتی ئەوقافی هەرێم لەسەر دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان چی دەڵێت؟


وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان لە بارەی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان دەڵێت "بە پێی شەریعەتی ئیسلام و لە ڕێگای لیژنەی بینینی مانگەوە"  بڕیار دەدەن.

هەینی، ١٣ شوبات ٢٠٢٦، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "رۆژی سێ شەممە هاوکاتە لەگەڵ ٢٩ـی شەعبان، لیژنەی باڵای بینینی مانگ چاودێری مانگ دەکات، ئەو لیژنەیە ئەندامی لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و شارۆچکەکان هەیە و چاودێری مانگ دەکەن".

"ئەو لیژنەیە بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام مانگی رەمەزان دیاری دەکەن، ئەگەر هاتوو مانگ بینرا رۆژی دواتر دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان ئەگەر نەبینرا دەبێتە تەواوکەری مانگی شەعبان"، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف وا دەڵێت.

نەبەز ئیسماعیل، لە کۆتایی قسەکانیدا جەختیکردەوە کە ئەوان "پشت بە هیچ دامەزراوەیەکی فەلەکناسی و شارەزایەکی ئەو بوارە نابەستن، چونکە لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە رێگای تەلەسکۆپەوە چاودێری مانگ دەکەن لە هەر شار و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان مانگ بینرا لیژنەی باڵا ئاگادار دەکەنەوە".




PM:12:57:13/02/2026