بەڕێوبەرایەتی تەندروستی کۆبانێ ئاشکرای کرد، بەهۆی گەمارۆیەکی توند و پچڕانی پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە، تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار کەس ژەهراوی بوون و شارەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی تەندروستی توند بووەتەوە کە هەڕەشە لە ژیانی دانیشتووان و ئاوارەکان دەکات.
هەینی ١٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، ئەحمەد مەحمود هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تەندروستی لە کانتۆنی فورات ڕایگەیاند'' سەرەڕای گەیشتنی هەندێک هاوکاریی سنووردار لە باکووری کوردستان و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە، بەڵام پێداویستییەکان بەشی شارەکە ناکەن و بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە.''
لە ئێستادا شارەکە بەدەست کەمییەکی توندی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە، دڵ، پەستانی خوێن و شێرپەنجە دەناڵێنێت و تەنانەت دەرمانی سەرەتایی نەشتەرگەریش نەماوە.
هاوکات بەهۆی پچڕانی کارەباوە زۆربەی ئامێرە پزیشکییەکان لەکارکەوتوون و نەخۆشەکان بێ چارەسەر ماونەتەوە.
ئەم بارودۆخە نالەبارە لە کاتێکدایە کە ماوەی ٢٥ ڕۆژە شارەکە لەلایەن هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق گەمارۆ دراوە.
بۆیە لایەنە تەندروستییەکان داوای دەستبەجێ هەڵگرتنی گەمارۆکە و گەیاندنی دەرمان دەکەن بۆ ڕێگریگری کردن لە ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی گەورەتر.