بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ دانیشتووانی ناو شار و دەوروبەری و قەزاکانی چوارتا و ماوەت و قەرەداغ و ناحیەی عەربەت ئاشکرای کرد کە بەپێی ئامارەکانی کاروباری فرۆشتنی وزە لە سنووری هەردوو بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا زۆرینەی هاوبەشان بڕی پارەیەکی کەم بۆ پسوولەکانیان گەڕاوەتەوە کە ئەمەش نیشانەی پابەندی هاووڵاتییانە بە بەکارهێنانی وزە.
بەپێی داتا فەرمییەکان لە کۆی ٣٦٢ هەزار و ٧٤٥ هاوبەشی کارەبا لە پۆلەکانی ماڵان و بازرگانی و میری و پیشەسازی و کشتوکاڵ دەرکەوتووە کە ڕێژەی ٩٣٪ی تێکڕای هاوبەشەکان بڕی پارەی پسوولەکانیان بۆ مانگی یەکی ئەمساڵ تەنیا لە نێوان ١٠٠٠ دینار بۆ ١٠٠ هەزار دیناردا بووە و ئەمەش ڕێژەیەکی بەرچاوی هاوبەشانی کارەبا لە سنوورەکە دەگرێتەوە.
سەبارەت بەو پسوولانەی کە بڕی پارەکانیان زۆرە و گەیشتووەتە سەروو ملیۆن دینار و تەنانەت ملیار دیناریش بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردووەتەوە کە ئەو بڕە پارە زۆرانە تەنیا بۆ شوێنە گەورەکانی وەک کارگەکانی ئاسن و چیمەنتۆ و پڕۆژە پیشەسازییەکان و مۆڵە بازرگانییە گەورەکان هاتووەتەوە نەک بۆ هاوبەشانی ئاسایی و ماڵان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە هاووڵاتییان کراوە بۆ هەر پرسیار و تێبینییەک سبەینێ شەممە ڕێکەوتی ١٤ی شوباتی ٢٠٢٦ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای ڕۆژهەڵات لە گەڕەکی قاڵاوا بکەن و هەروەها جەخت لە گرنگی خۆتۆمارکردن لە سیستمی (KYC) کراوەتەوە تاوەکو لە ڕێگەی مۆبایلەوە بە شێوەیەکی خێرا ئاگاداری بڕی پارەی بەکارهاتووی مانگانەیان بن.