٤٨ گوندی کوبانێ تاڵانکراوەو گەمارۆش بەردەوامە


 
پارێزەری خەڵکی کوبانێ، مستەفا شێخ موسلیم، ڕایگەیاند" سوپای سووریا تا ئێستا لە دەوروبەری شارەکە نەکشاوەتەوە، ٤٨ گوندی چواردەوری شارەکە تاڵان کراوە".

شێخ موسلیم ڕوونیکردەوە کە زیاتر لە ٤٨ گوندی کوردی لە گوندەواری کۆبانێ، دوای ئەوەی دانیشتووانەکەی چۆڵیان کردووە، تاڵان کراون، ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەیەک خانوو دوای تاڵانکردنیان سووتێنراون، بەتایبەتی ماڵی ئەو کەسانەی لە "بواری سیاسی"دا کاریان کردووە یان وەک کەسانی نزیک لە "هەسەدە" دەبینرێن.

ئەو پارێزەرە سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە کارەبا لە دوو ڕۆژ لەمەوپێشەوە بە شێوەیەکی کاتی گەڕاوەتەوە، بەڵام هەموو گەڕەکەکان ناگرێتەوە و ڕۆژانە تەنیا ٦ بۆ ٧ کاتژمێر هەیە. هەروەها وتی شارەکە ڕۆژانە پێویستی بە ٦٠ بۆ ٧٠ مێگاوات کارەبا هەیە، لە کاتێکدا تەنیا نزیکەی ٢٠ مێگاواتی پێ دەگات.

مستەفا شێخ موسلیم، ئاشکرای دەکات، نزیکەی ٢٥ ڕۆژە ئاو، ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی دیکە لە کۆبانێ پچڕاون، ئەمەش وایکردووە خەڵکەکە پەنا بۆ ئاوی بیرە "نا تەندروستەکان" بەرن، کە بۆتەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە نێوان ئەو ئاوارانەی لە نزیکەی ٧٠ شوێندا (وەک مزگەوت و قوتابخانەکان) نیشتەجێن. هەروەها باسی لە گیانلەدەستدانی منداڵێک کرد لە دوو ڕۆژ لەمەوپێش بەهۆی ئەم بارودۆخەوە.

شێخ موسلیم ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی هێرشەکانەوە شەپۆلەکانی ئاوارەبوون لە گوندەکانی دەوروبەرەوە بەرەو ناوەندی شارەکە زیادی کردووە، بەڵام گەڕانەوە هێشتا مەترسیدارە. ڕوونیکردەوە کە تەنیا یەک ڕێگا بۆ گەڕانەوە کراوەتەوە و خەڵکەکەش دەترسن لەوەی ڕووبەڕووی ڕفاندن یان کوشتن ببنەوە.

لە ژێر ڕۆشنایی بەردەوامی گەمارۆکە و پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان، خەڵکی کۆبانێ وەک ئەوەی پارێزەرەکە گواستییەوە، داوا دەکەن بە پەلە ڕێڕەوی مرۆیی بکرێتەوە بۆ گەیاندنی یارمەتییە فریاگوزاری و پزیشکییەکان بۆ ناو شارەکە.




PM:11:25:13/02/2026